عێراق یەکەمین وێستگەی زەمینیی بۆشاییگەری بۆ مانگە دەستکردەکان دامەزراند
وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، دەستپێکردنی یەکەمین پرۆژەی وێستگەی بۆشاییگەری زەمینیی مانگە دەستکردەکان لە عێراق راگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم وێستگەیە گرنگترین هەنگاوە بەرەو هەڵدانی مانگی دەستکرد، هاوکات دەبێتە هۆی پاراستنی سەروەریی داتا و زانیارییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکان لە میانی کۆنگرەی راگەیاندنی پرۆژەکەدا رایگەیاند: دەستپێکردنی ئەم وێستگەیە، یەکەمین بزمارە لە تابووتی نەمانی سەروەریی نیشتمانیدا دەیچەقێنین؛ هاوکات لەگەڵ یادی رۆژی سەروەری، وەزارەتی پەیوەندییەکان هەنگاوی کرداریی ناوە بەرەو هێنانەدیی ئەو دیدگایەی کە تەواوی داتا و زانیارییە ئەلیکترۆنییەکانی وڵات لە نێوخۆی عێراقدا بپارێزرێن و کۆگابکرێن.
وەزیری پەیوەندییەکان گرنگیی ستراتیژیی ئەم پرۆژەیەی روون کردەوە و گوتی: ئەم هەنگاوە گرنگترین بەشە لە پرۆسەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکاندا، چونکە هیچ سوودێک لە هەبوونی مانگی دەستکرد نابێت بەبێ بوونی وێستگەیەکی پێشکەوتووی لەم شێوەیە بۆ وەرگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاری. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکە لەمێژینەیە و هەوڵی پێشووتری لەسەر دراوە، بەڵام ئەوان توانیویانە کۆسپەکان تێپەڕێنن و هەنگاوەکانی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
مستەفا سەنەد ستایشی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، لەوانە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی و حکوومڕانی، و کۆمپانیای گشتیی پەیوەندییەکان و زانیاری (ITPC) شانبەشانی کەرتی تایبەت، کە توانیویانە ئەم ژێرخانە تەکنیکییە دابمەزرێنن.
وەزیری پەیوەندییەکان ئاشکرای کرد، پرۆژەکە هەنگاوێکی رووکەشی نییە و پلانی فراوانکردنی هەیە، ئاماژەشی بەوە کرد، هەر لە ئێستاوە چەندین کڕیار و لایەنی بیانی لە دەرەوەی عێراق پەیوەندییان پێوە کردوون بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم وێستگەیە لە بواری مانگە دەستکردەکاندا.