زێلێنسکی لەگەڵ نێردراوەکانی ترەمپ گفتوگۆ دەکات

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لەگەڵ نێردراوە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و داوای پەلەکردن لە رادەستکردنی سیستەمی پاتریۆتی کرد؛ لە هەمان کاتیشدا سوپای ئۆکرانیا بەرفراوانترین هێرشی درۆنی لە سەرەتای جەنگەوە کردە سەر شاری سان پترسبۆرگی زێدی ڤلادیمیر پووتین و پاڵاوگەیەکی نەوتی ئەو شارەی گڕتێبەردا.

یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیوەندییەکی راستەوخۆدا لەگەڵ هەردوو نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر تاوتوێی داهاتووی جەنگەکەی کرد و رایگەیاند کە زۆر شت بەندە بە هەڵوێستی ئەمریکاوە لەم جەنگەدا.

زێلێنسکی جەختی کردەوە کە کیێڤ ئامادەیە بە شێوەیەکی بنیاتنەر کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بکات، هاوکات پرسی دابینکردنی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت)ی لەگەڵ نێردراوە ئەمریکییەکان خستە بەرباس بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی مۆسکۆ.

ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە دێت کە گرژی لە نێوان زێلێنسکی و ترەمپ دروست بوو لەسەر پرسی رێککەوتنی دیزڵ لەگەڵ رووسیا و راگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ. سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (NBC)ی ئەمریکی هۆشداری دابوو کە هەر چەشنە پشتیوانییەکی فەرمیی واشنتن بۆ مۆسکۆ هەڵەیەکی مێژوویی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ سوپای وڵاتەکەی دوای پچڕانێکی کاتی.

لە رووی مەیدانییەوە، پێکدادانەکان بە چڕی گەیشتنە قووڵایی خاکی رووسیا؛ سوپای ئۆکرانیا لە هێرشێکی بەرفراواندا بە دەیان درۆن پەلاماری شاری سان پترسبۆرگی دا. دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی رووسیا رایانگەیاند، بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی 144 درۆن بخاتە خوارەوە، بەڵام بەشێک لە درۆنەکان بوونە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەی سەرەکیی نەوتی شارەکە و کۆگاکانی سووتەمەنیی رووچی، هەروەها کوژرانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

هێرشەکە زیانی بە ناوەندی زانیارییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی رووسی (ڤی کەی - VK) و کۆگای گەورەترین کۆمپانیای بازرگانیی ئەلیکترۆنیی وڵاتەکە (ئۆزۆن) گەیاند، هاوکات لە شارۆچکەی یانینۆ لە دەوروبەری شارەکە وێستگەیەکی کارەبا پێکرا و بەو هۆیەوە کارەبای 20 هەزار هاووڵاتی بڕدرا. میدیا فەرمییەکانی رووسیا ئەمەیان بە گەورەترین هێرشی سەر شارەکە لە ساڵی 2022ەوە وەسف کرد.

لە بەرامبەردا، زێلێنسکی مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی 76 جار ئەو ئاگربەستەی کەرتی وزەی پێشێل کردووە کە ترەمپ پێشنیازی کردبوو، و گوتی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بوونەتە هۆی بڕینی کارەبای دەیان هەزار ماڵ لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا بەر لە هاتنی سەرمای زستان.

سەرەڕای لێکەوتەی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر سان پترسبۆرگ، دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، ئەو هێرشانە ناتوانن ئاراستەی شەڕەکە بگۆڕن و مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا تا گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانی.