سعوودیە و ئیمارات هەماهەنگییە ئەمنی و سەربازییەکانیان نوێ دەکەنەوە
شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، لە ئەبوزەبی پێشوازی لە شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە کرد؛ دیدارەکە لە کاتێکدایە کە هەردوو دەوڵەت لە دوای درزێکی قووڵی دیپلۆماسی، هەوڵەکانیان بۆ پتەوکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیان و بەرپەرچدانەوەی هێرشە چڕەکانی حوسییەکان یەکدەخەنەوە
ئاژانسی فەرمیی ئیمارات (وام) بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەبوزەبی لەلایەن شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی سعوودیە سڵاوی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمانی گەیاندە سەرۆکی ئیمارات.
لە میانی دیدارەکەدا، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان ریاز و ئەبوزەبی و رێگەکانی پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەشیان لە بوارە جیاوازەکاندا کرد؛ هاوکات بە وردی لەسەر نوێترین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری و هێنانەدیی ئاشتیی درێژخایەن لە کەنداو و ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
هەر لە میانەی سەردانەکەیدا، وەزیری بەرگریی سعوودیە لەگەڵ شێخ مەنسور بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی دەوڵەت و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە، و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کۆبوونەوە باڵایە دوای سەردانەکەی مانگی رابردووی شێخ مەنسور بن زاید بۆ ریاز دێت، کە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئیمارات بوو بۆ سعوودیە لە دوای دروستبوونی ناکۆکییە قووڵەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان هەردوو دەسەڵاتدارێتیی کەنداو لەسەر داهاتووی شەڕی یەمەن.
ئەم جموجووڵە نوێیە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی نێوان ریاز و ئەبوزەبی، هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی بێوێنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی چەکدارانی حووسی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و کەرتی نەوت و وزەی سعوودیە، هاوکات لەگەڵ ئەو راپۆرتانەی باس لە گەیشتنی هەردوو دەوڵەت بە رێککەوتنێکی نوێ دەکەن بۆ دابەشکردنی ئەرکە سەربازییەکان بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییەکانی حوسی لە یەمەن.
دوێنێ شەممە، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرای کرد، ئیمارات و سعوودیە ناکۆکییە قووڵەکانی پێشوویان لەبارەی ئایندەی یەمەن وەلاناوە و گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان؛ بەپێی رێککەوتنەکە ئەبوزەبی تەمویلی هێزە زەمینییەکانی باشوور دەستپێدەکاتەوە و لە بەرامبەریشدا ریاز چەتری ئاسمانییان بۆ دابین دەکات.