راپرسییەک: جەماوەریی ترەمپ بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دادەبەزێت
تەنیا دوو هەفتە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، نوێترین راپرسیی رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای دەکات، رێژەی رەزامەندیی دەنگدەران لەسەر دۆناڵد ترەمپ بۆ 33% دابەزیوە کە نزمترین ئاستە لە مێژووی سەرۆکایەتییەکەیدا؛ لێکەوتە داراییەکانی شەڕی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، باڵادەستییەکی گەورەیان بەخشیوەتە دیموکراتەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆنگرێس.
بەپێی راپرسییەکی هاوبەشی نێوان واشنتن پۆست، ئەی بی سی نیوز و ئیپسۆس، کۆمارییەکان بەرەوڕووی کەشێکی سیاسیی یەکجار نالەبار بوونەتەوە. تەنیا 33%ـی هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەمریکا لە ئەدای دۆناڵد ترەمپ رازین، لە بەرامبەردا 66% ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە 52%ـیان بە توندی ناڕازین. ئەم رێژەیە تەنانەت نزمترە لە هەر ئاستێک کە ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا تۆماری کردبێت.
لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دیموکراتەکان بە جیاوازیی 8 خاڵ لە پێش کۆمارییەکانەوەن. هەروەها 58%ـی دەنگدەرانی تۆمارکراو رایانگەیاندووە، پێیان باشە دیموکراتەکان باڵادەست بن بەسەر کۆنگرێسدا بۆ رێگریکردن لە بڕیار و سیاسەتەکانی ترەمپ، لە بەرامبەر 39% کە دەخوازن کۆنگرێس لە دەست کۆمارییەکاندا بێت. هاوکات 72%ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕوات.
بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی رابردوودا واتە لە 2014ـەوە، دەنگدەرانی ئەمریکا لە پرسی بەڕێوەبردنی ئابووریدا متمانەی زیاتریان بە دیموکراتەکان بەخشی لە چاو کۆمارییەکاندا (40% بەرامبەر 33%). ئێستا رەزامەندی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووری لەلایەن ترەمپەوە بۆ 28% دابەزیوە و 48%ـی هاووڵاتییان دەڵێن دۆخی داراییان لە کاتی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025ـەوە خراپتر بووە، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی ناڕەزایەتییە لە مێژووی راپرسییەکانی واشنتن پۆست لە ساڵی 1986ەوە.
شەڕی ئێران وەک گەورەترین فاکتەری ئەم پاشەکشەیە دادەنرێت؛ بەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت، نرخی بەنزین و دیزڵ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. لە مانگی شوبات و پێش دەستپێکردنی جەنگ، 71%ـی خەڵک دەیانگوت بەنزین هەرزان و لەبارە، بەڵام ئەمڕۆ هاوکێشەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە و 71% دەڵێن توانای کڕینی بەنزینیان نییە، هەروەها زۆرینەی خەڵک توانای کڕینی کەلوپەلی خۆراک و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان لەدەستداوە.
لە بارەی سیاسەتی دەرەوەوە، 65%ـی بەشداربووان تایانگەیاندووە کە بڕیاری پەنابردن بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران هەڵە بوو، و 68% ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە شێوازی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا. لە پرسی کۆچبەریشدا کە کارتی سەرەکیی ترەمپ بوو، 60%ـی خەڵک ناڕازین و 56% پێیان وایە سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەراندا لە سنوور دەرچووە.
ئەم داتایانە لە کاتێکدان کە بەپێی راپرسییەکە، 66%ـی هاووڵاتییان دۆناڵد ترەمپ بە کەسێکی زۆر توندڕەو ناوزەد دەکەن و دەڵێن پۆستی سەرۆکایەتی بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆی بەکاردەهێنێت؛ تەنانەت لە نێو ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی 2024 دەنگیان بە ترەمپ دابوو، 23%یان بە تەواوی لە ئەدای کارکردنی ناڕازین و 38%ـیشیان رەخنە لە هەڵسوکەوتی بەرامبەر بە هەڵئاوسان دەگرن، ئەمەش وای کردووە کۆمارییەکان بەرەوڕووی هەڵبژاردنێکی نیوەی خولی زۆر سەخت و پڕ لە مەترسی ببنەوە.