زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران دەکاتە پێنج قیست

سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە مەبەستی کارئاسانی و رەچاوکردنی رەوشی دارایی کەسوکاری قوتابییان، بڕیاری دا پرۆسەی وەرگرتنی کرێی خوێندنی سیستەمی پارالێل و ئێواران لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆکە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بکاتە پێنج قیست، کە قیستی یەکەمیان لە کاتی خۆتۆمارکردندا تەنیا 100 بۆ 150 هەزار دینار دەبێت.

یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی دارایی هەرێمی کوردستان و باری ئابووریی کەسوکاری قوتابییان، بڕیاری دا وەرگرتنی کرێی خوێندنی سیستەمی (پارالێل و ئێواران) لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆکە بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) بکرێتە پێنج قیست.

لە دوو گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتیی دارایی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێردا، وردەکاریی شێوازی وەرگرتنی قیستەکان بۆ قوتابییان روون کراوەتەوە.

بە پێی گشتاندنەکان، لە پێناو رەخساندنی زۆرترین کارئاسانی بۆ قوتابییان، قیستی یەکەم لە کاتی خۆتۆمارکردندا بە بڕێکی دیاریکراو و کەم وەردەگیرێت، بە شێوەیەک کە:

-بۆ قوتابییانی قۆناخی یەکەمی سەرجەم کۆلێژەکان، لە کاتی خۆتۆمارکردندا تەنیا بڕی 150 هەزار دینار وەردەگیرێت.

-بۆ قوتابییانی قۆناخی یەکەمی پەیمانگەکان، لە کاتی خۆتۆمارکردندا تەنیا بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.

-بۆ قوتابییانی قۆناخەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی کۆلێژەکان بڕی 150 هەزار دینار و، بۆ قۆناخی دووەمی پەیمانگەکانیش تەنیا بڕی 100 هەزار دینار وەک قیستی یەکەم دیاری کراوە.

 

سەبارەت بە بڕە پارەی ماوەی کرێی خوێندنەکە، لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە دابەشی چوار قیستی دیکە دەکرێت بەم شێوەیە:

قیستی دووەم: پێش تاقیکردنەوەی میدتێرمی سمستەری پایز وەردەگیرێت.

قیستی سێیەم: پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی سمستەری پایز وەردەگیرێت.

قیستی چوارەم: لە سەرەتای دەستپێکردنی سمستەری بەهاردا وەردەگیرێت.

قیستی پێنجەم: پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەری بەهار وەردەگیرێت.

ئەم دابەشکارییە لە دوای هەژمارکردنی داشکاندنی گشتیی رێژەی (45%) لە کۆی گشتیی کرێی خوێندن ئەنجام دەدرێت، کە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بە فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جێبەجێ کراوە.

لەو چوارچێوەیەدا، بەرزترین کرێی خوێندن لە کۆلێژەکانی زانکۆکە سێ ملیۆن دینارە، دوای داشکاندنی 45% دەبێتە ملیۆنێک و 650 هەزار دینار و، کەمترین کرێی خوێندنی پەیمانگەکانیش کە 750 هەزار دینارە، دوای داشکاندنەکە تەنیا دەبێتە 412 هەزار و 500 دینار.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە حەفت کۆلێژ و شەش پەیمانگە پێکهاتووە کە بەشێکیان لە ناو شاری هەولێر و بەشەکەی دیکەیان لە قەزاکانی دەوروبەری پارێزگاکەدا هەڵکەوتوون؛ بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) زانکۆکە پێشوازی لە پێنج هەزار و 777 قوتابی کردووە کە پێنج هەزار و 629ـیان دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی و 148 قوتابییان دەرچووی بەشە پیشەییەکانن.