وەزارەتی ناوخۆ داشکاندن لە سزای بەسەرچوونی ڤیزا و کارتی نشینگەیی بیانییەکان رادەگەیەنێت
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوون و داشکاندنی 75% لە کۆی سزای دواکەوتن و بەسەرچوونی ڤیزا و نشینگەی هاووڵاتییانی بیانی، مۆڵەتی سوودمەندبوون لە بڕیارەکەش تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بڕیار دراوە بە داشکاندن بە رێژەی 75% لە سزای دارایی تایبەت بە بەسەرچوونی ڤیزا و بەسەرچوونی مۆڵەتی نشینگەی هاووڵاتییانی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی فەرمانی وەزاریی ژمارە (32557) کە لە رێککەوتی 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی و لە رێگەی ڤیزاوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە، یان نەیانکردووەتە نشینگە، یاخود نشینگەیان هەبووە و بەسەرچووە، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ روونیشی کردووەتەوە، ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە دەتوانن تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 سەردانی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن و لە کاتی سەردانیکردنیاندا، تەنها 25%ـی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت، کە لە رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆدا دیاری کراوە.