لە کەرکووک شانۆگەریی سەرشەقامی "تیسپس" نمایش کرا
شانۆگەریی سەرشەقامی "تیسپس"، لە دەرهێنانی دارا عزەددینە و یەک ئەکتەر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە مەجیدییە لە کەرکووک نمایش کرا.
یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دارا عزەددین، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چیرۆکەکە لەسەر کەسایەتیی تیسپس دەسوڕێتەوە، کە بە گالیسکەیەکی دارینی پڕ لە کەرەستەی کۆنی شانۆوە دەگەڕێتەوە بۆ شەقام، بۆ ئەو شوێنەی شانۆ لە سەرەتادا لێیەوە سەری هەڵداوە. تیسپس لە رێگەی دیالۆگ و گێڕانەوەیەکی شیعرییەوە، مێژووی گەشەکردنی شانۆ دەخاتەڕوو و باس لەوە دەکات شانۆ لە سەرەتادا لە نێو خەڵک و لە فەزایەکی کراوەدا پەیدا بووە، بەبێ پەردە و دیوار و سنوور."
ئەو دەرهێنەرە سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی: "ئەو باس لە گۆڕانکارییەکانی شانۆ لە سەردەمە جیاوازەکاندا دەکات و رووناکی، دیکۆر، سێبەر و شێوازە نوێکانی نواندن وەک بەشێک لە گەشەی ئەم هونەرە دەخاتەڕوو. بەڵام لە هەمان کاتدا، رەخنە لەوە دەگرێت کە شانۆ لە چوار دیواری هۆڵەکاندا سنووردار کراوە و لە خەڵک و ژیانی رۆژانە دوور کەوتووەتەوە."
دارا عزەددین باسی لەوەش کرد، "تیسپس بڕیار دەدات جارێکی تر شانۆ بگەڕێنێتەوە بۆ شەقام و ناو خەڵک، چونکە لە دیدی ئەودا، شەقام شانۆگەرییەکی گەورەیە و خەڵک تەنیا بینەر نین، بەڵکو بەشێکن لە چیرۆکی ژیان. لە کۆتاییدا، بە پەیامی ئازادی و راستی، پێشوازی لە هونەرمەندانی ماندوو و رۆح بریندار دەکات و رێزیان لێ دەگرێت. دواتر، لەگەڵ ئامادەبوواندا پەردە لەسەر لۆگۆی فێستیڤاڵەکە لادەدەن."
شانۆگەریی سەرشەقامی "تیسپس"، لە نووسینی د. دڵشاد مستەفایە و دارا عزەددین کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، کاری هونەری و موزیک لەلایەن هێمن جەلال جێبەجێکراوە و حەمەدی حەمە ئەمین رۆڵ لەو نمایشەدا دەگێڕێت.

