ئەکسیۆس: راوێژکارەکانی ترەمپ داوایان لێکردووە بێلایەن بێت تا ناتانیاهۆ بدۆڕێت

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا نۆ رۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، پشتیوانیی تەواوەتیی خۆی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ راگەیاند و بە جەنگاوەرێکی مەزن و هاوبەشی سەرەکی لە جەنگی دژی ئێران ناوزەدی کرد.

یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس پشتیوانیی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم راگەیاند. ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتدا کە سەرۆکێکی ئەمریکا بە ئاشکرا دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئیسرائیل بکات و بە روونی پشتگیری لە کاندیدێکی دیاریکراو بکات.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا ناتانیاهۆی بە سەرۆکوەزیران و جەنگاوەرێکی مەزن ناوبرد و هۆشداری دا: ئەگەر کەسێکی تر جگە لە ناتانیاهۆ ببێتە سەرکردەی ئیسرائیل، ئەوا دەبێت ئەمریکا خۆی بە تەنیا ئەرکی جەنگی ئێران تەواو بکات، منیش حەزم لە کارێکی لەو شێوەیە نییە؛ بۆیە پشتیوانیی تەواوی خۆمی پێشکەش دەکەم.

لە چاوپێکەوتنێکی کورتە تەلەفۆنیدا لەگەڵ پێگەی ئەکسیۆس، ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە پلانی ئەم هەنگاوەی داڕشتبوو، و گوتی: هەمیشە دەمویست ئەم کارە بکەم، تەنیا نەمدەویست زۆر زوو رایبگەیەنم. گرنگە ئیسرائیل کەسێکی هەبێت کە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت؛ کێ ئامادەیە لە کاتێکی وا مەترسیداردا سەرکێشی بە سەرکردایەتییەکی دیکەوە بکات؟

بنیامین ناتانیاهۆ، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس سوپاسی ترەمپی کرد بۆ ئەم پشتیوانییە مێژووییە و نووسیویەتی: پێکەوە ئەرکەکە بە کۆتا دەگەیەنین.

لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکیی ناتانیاهۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، هەرچەندە رێز لە سەرۆکی ئەمریکا دەگرێت، بەڵام هەڵبژاردن پرسێکی تەواو ناوخۆییە و تەنیا هاووڵاتییانی ئیسرائیل مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی سەرکردایەتییەکەیان بدەن.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ رزگارکردنی ناتانیاهۆ لە قەیرانی سیاسی دادەنرێت، بەوپێیەی زۆربەی راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ ناتوانێت 61 کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەستبهێنێت.

پێگەی ئەکسیۆس ئاشکراشی کردووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ترەمپ بە توندی لە ناتانیاهۆ تووڕە بووە و لە دانیشتنە تایبەتەکاندا ناتانیاهۆی بە هۆکاری شکستی ئیسرائیل لە رێگریکردن لە پەلامارەکانی 7ی ئۆکتۆبەر زانیوە، تەنانەت بە گەورەترین دوژمنی خۆی وەسفی کردووە.

هاوکات بەشێک لە راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ داوایان لێکردبوو بێلایەن بێت تاوەکو ناتانیاهۆ بدۆڕێت؛ چونکە پێیان وایە ئەگەر حکوومەتێکی دیکە پێک بێت، پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشتر جێبەجێ دەکرێن.

سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ بڕیاری دا پەنا بۆ ناتانیاهۆ بباتەوە و پشتیوانی لێ بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە گەورەکان دژی ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لەگەڵ ناتانیاهۆ گفتوگۆی کردبوو.