ماکرۆن: تێکدەران دەبێت قەرەبووی زیانەکان بکەنەوە و دادگایی دەکرێن
دوای توندوتیژترین شەپۆلی ناڕەزایەتی و دەستگیرکردنی نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیی بەپەلەدا بۆ گەلی وڵاتەکەی، هەڕەشەی توندی لە تاڵانکاران و تێکدەران کرد و رایگەیاند دادگایی دەکرێن و دەبێت قەرەبووی زیانەکان بکەنەوە؛ هاوکات ئاشکرای کرد سبەی بەیانی سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی سووتەمەنی.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لە گوتارێکدا بۆ نەتەوەکەی لە کۆشکی ئەلیزێوە، دۆخی وڵاتەکەی بە یەکجار مەترسیدار وەسف کرد پاش ئەو پێکدادان و تاڵانکارییە بەرفراوانەی لە شەممەی رابردوودا شارە گەورەکانی گرتەوە.
ماکرۆن پەلاماردەرانی بە گرووپی چەپڕەوی توندڕەو و تاوانبار ناوبرد کە هێرشیان کردووەتە سەر مارکێت، فرۆشگە، بینای گشتی و شارەوانییەکان.
سەرۆکی فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییانەی کرد و گوتی: هیچ پاساوێک بۆ سووتاندنی شارەوانیی لیمۆژ، فەرمانگەی گەشتیاریی لیۆن، داگیرکردنی شارەوانیی مارسیلیا و هێرشکردنە سەر ماڵی پارێزگاری بۆردۆ بوونی نییە. ئەوانەی وێرانیان کرد دەبێت باجەکەی بدەن، ئەوانەی تاڵانیان کرد دەبێت قەرەبووی بکەنەوە، و ئەوانەشی هەوڵیان دا دەوڵەت و کۆمار بڕووخێنن، دەبێت لەبەردەم یاسادا باجی توند بدەن.
ماکرۆن جیاکاریی لە نێوان تێکدەران و ئەو سەدان هەزار هاووڵاتییەدا کرد کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە گرانیی بژێوی و گرانیی بەنزین دەربڕیوە، و گوتی لە خەمی خەڵک و خوێندکاران تێدەگات. ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانی گرانیی سووتەمەنی پەیوەندی بە شەڕی کەنداوی عەرەبییەوە هەیە کە فەرەنسا بەشداری تێدا نەکردووە بەڵام لێکەوتەکەی دەچێژێت؛ هەر بۆیە ئاشکرای کرد: لە بەیانیی سبەینێوە سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەم تاوەکو بە شێوەیەکی کرداری دابینکردنی گاز و سووتەمەنی بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەم و کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکان دروست بکەین.
ماکرۆن پلانێکی خێرای خستەڕوو، لەوانە:
- پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تەنگژەکان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران لە سبەینێوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خێرای دووکانداران و زیانلێکەوتووان.
- پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە پارێزگارەکان بۆ قەدەخەکردنی هەر گردبوونەوەیەک کە مەترسیی ئاژاوەی لێبکەوێتەوە.
- داواکردن لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان و سەندیکاکان بۆ ئەوەی بێ دوودڵی سەرکۆنەی توندوتیژی بکەن.
- دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی قوتابییان، مامۆستایان و سەندیکاکان.
سەرۆکی فەرەنسا وەبیری هێنایەوە کە شەش مانگ لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ماوە، و گوتی: ئەوانەی ئاژاوە لە شەقامدا دروست دەکەن دەیانەوێت گفتوگۆ و پرۆسەی دیموکراسی بدزن؛ ململانێی سیاسی دەبێت لە کۆڕبەندەکان، تەلەڤزیۆن و سندووقی دەنگداندا بێت، نەک لە تێکدان و توندوتیژیی سەر شەقامدا.
هاوکات لەگەڵ وتارەکەی سەرۆک، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا نوێترین ئاماری قوربانی و زیانەکانی شەممەی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، بەهۆی توندوتیژییەکانەوە 2 هەزار و 397 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیرکراون. هەروەها 997 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس بریندار بوون، کە برینی حەوت لەوانە زۆر سەخت و مەترسیدارە.
هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس پۆلیسی فەرەنسا یەکەی تایبەتی CRS 8ی کە پسپۆڕە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە ناوەندە شارییەکاندا، لە گۆڕەپانی کۆمار پلاس دێ لا ڕیپوبلیک لە ناوجەرگەی پاریس جێگیر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لەو ناوچەیە گرژیی نوێ سەریهەڵدایەوە و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانیش، جارێکی دیکە هەوڵی پەلاماردان و تاڵانکردنی فرۆشگەیەکی جلوبەرگ درا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاریس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەوازی گردبوونەوەیەکی بێمۆڵەت بۆ کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ کرابوو، بۆیە هێزە ئەمنییەکان بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی خۆپیشاندانی بێمۆڵەتی هاوشێوەی ڕۆژی شەممە کە تەنیا لە پاریس 855 دەستگیرکردنی لێکەوتەوە پشکنینی پێشوەختە و ڕێکاری ئەمنیی توندیان گرتەبەر تا لە کاتی پێویستدا دەستبەجێ دەستوەردان بکەن.
پۆلیسی پاریس ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکاندا، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە نێو گۆڕەپانەکە تا ڕێگری لە دروستبوونی گرژی بکەن. خۆپیشاندەران بەرد و کەلوپەلیان بە ئاراستەی هێزەکانی پۆلیس فڕێدا، پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ و نارنجۆکی دەنگەبەخش وەڵامی دانەوە و چەندین کەسی دەستگیر کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، هەوڵێکی ناڕازییان بۆ دروستکردنی بەربەستی شەقام دەستبەجێ پووچەڵکرایەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش چەندین ئاگریان لە شوێنی ڕووداوەکە کوژاندەوە، هەروەها بەر لە کاتژمێر سێ و نیوی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی فەرەنسا، دۆخی گۆڕەپانی کۆمار بە تەواوی خرایە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.