پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە

سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر پڕۆژەیاسای نوێی دەستەی حەشدی شەعبیی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کردووە، بەڵام حکوومەت تا ئێستا پڕۆژەکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە؛ ئەمەش گومانی دروستبوونی گوشاری دەرەکی و ناکۆکیی قووڵی سیاسی لە بەغدا دروست کردووە، بە تایبەت کە یاساکە دەسەڵاتی هەبوونی بەشی مووشەکی و درۆن، شانبەشانی کۆکردنەوەی چەکی میلیشیاکان بە حەشد دەبەخشێت.

یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەبو توراب تەمیمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: بڕیار بوو سەرەتای ئەم مانگە حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان و لیژنەی دارایی بکات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە و ئێمەش نازانین ئەم دواکەوتنە بەهۆی گوشاری ناوخۆییەوەیە یاخود دەستی دەرەکی لە پشتە.

تەمیمی هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر گوشاری دەرەکی و هەرێمی لە پشت دواخستنەکەوە بێت، ئەوا راستەوخۆ دەستوەردانە لە سەروەریی خاکی عێراق و سەربەخۆیی بڕیاری دەوڵەت، هاوکات گوتیشی: رێگە بە هیچ جۆرە موزایەدەیەکی سیاسیی ناوخۆیی لەسەر پرسی حەشدی شەعبی نادرێت، چونکە پێویستە ئەندامانی دەستەکە تەواوی ماف و شایستە دارایی و ئیمتیازاتی خۆیان بە یاسا مسۆگەر بکەن.

ئەم نیگەرانییانە لە کاتێکدان کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 29ـی ئەیلوولی رابردوودا پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پڕۆژە نوێیەکە لە 18 ماددە پێکدێت و پەیکەربەندیی کارگێڕی، خزمەت و خانەنشینیی ئەندامانی حەشد لەخۆدەگرێت؛ جگە لەوەش چەند بڕگەیەکی گرنگی بۆ زیاد کراوە، بە جۆرێک حەشدی شەعبی دەبێتە خاوەنی بەشی درۆن و مووشەک و بەرپرسیار دەبێت لە کۆ کردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24 جەختی کردەوە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاساکە دەگاتە پەرلەمان و هیچ رێگرییەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە؛ ئاشکراشی کرد کە دەستەی حەشد دەبێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو چەکانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن، لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان گەیشتوونەتە قۆناخی زۆر باش و تەنیا گرووپی کەتائیبی نوجەبا لە دەرەوەی پرۆسەکەیە و تا ئێستا ئامادەیی نیشان نەداوە چەکەکانی رادەست بکات.

 ساڵی رابردووش حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسایەکی هاوشێوەی بۆ ڕێکخستنەوەی هەیکەلی حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان کردبوو و هەردوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ ئەنجامدرا؛ بەڵام بەهۆی دژایەتیی توندی ئیدارەی ئەمریکا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری و سەربازی بەسەر بەغدادا، ئەنجوومەنی وەزیران ناچار بوو بە فەرمی پڕۆژەکە لە پەرلەمان بکشێنێتەوە.

سەرەڕای بەڵێنە فەرمییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی حەشدی شەعبی، حکوومەتی عێراق تا ئێستا پڕۆژەیاسای نوێی دەستەکەی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران و لێژنەی دارایی نەکردووە، ئەمەش بووەتە جێگەی پرسیار و نیگەرانیی پەرلەمانتاران لە بەغدا.