شەپۆلی ناڕەزایەتی شەش وڵاتی ئەوروپای گرتووەتەوە
ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێکی فرەلایەنی ناڕەزایەتی بووەتەوە کە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، پۆرتوگال، ئیسپانیا و ئەلبانیای گرتووەتەوە. هەرچەندە ئەم جووڵانە لە یەک کاتدا دەستیان پێنەکردووە و داواکارییەکانیشیان بە تەواوی وەک یەک نین، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموویان بریتییە لە قەیرانی کەڵەکەبووی ئابووری، پاشەکشەی کەرتی پەروەردە و تەندروستی، و نەبوونی توانای کڕین.
فەرەنسا
ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا سەرەتا لە مانگی رابردوودا بە داوای چاکسازی لە کەرتی پەروەردە و پڕکردنەوەی کەمیی مامۆستایان دەستیپێکرد، بەڵام زۆر خێرا تەشەنەی سەند بۆ ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری دژی گرانیی بژێوی، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان.
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە شارە جیاوازەکان رژاونەتە سەر شەقام؛ پۆلیس نزیکەی 2 هەزار و 400 کەسی دەستگیر کردووە و 997 ئەفسەر و کارمەندی ئەمنیش بریندار بوون کە برینی حەوتیان زۆر سەختە.

رۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی کۆمار گرژی دروست بووەوە و فرۆشگەیەکی جلوبەرگ تاڵان کرا، پۆلیس بە ناردنی یەکەی نوخبەی دژەئاژاوە (CRS 8) و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە کۆبوونەوە بێمۆڵەتەکە کرد. سەرۆک ماکرۆنیش جەختی کردەوە کە دەبێت تاڵانکاران دادگایی بکرێن و باجی تێکدانەکان بدەنەوە.

ئیتاڵیا
لە ئیتاڵیا، بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک لە ناوجەرگەی شاری میلانۆ پێکدادانی توند لە نێوان پۆلیس و گەنجانی ناڕازی لە گرانیی بژێوی روویدا.
لە گۆڕەپانی کاتێدرالای میلانۆ شووشە و بەرد بەرەو هێزە ئەمنییەکان هاوێژران و زیان بە چەندین فرۆشگەی بازاڕی بەناوبانگی ڤیتۆریۆ ئیمانوێل گەیشت، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاو وەڵامی دایەوە.
ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی بڵاویکردەوە تا ئێستا 70 کەس دەستگیرکراون و لە شارەکانی بۆلۆنیا و تۆرینۆش ئاڵۆزیی هاوشێوە روویانداوە. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کرد و گوتی: خۆپیشاندان مافە، بەڵام وێرانکردنی شارەکانمان نا.

پورتوگال
لە پورتوگال، ناڕەزایەتییەکان شێوازێکی دیکەیان وەرگرتووە؛ سەدان هاووڵاتی لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی هەردوو شاری لیشبۆنە و پۆرتۆ چادریان هەڵداوە و شەقامەکانیان چۆڵ نەکردووە، بە مەبەستی رەتکردنەوەی بەرزبوونەوەی شێتانەی کرێی خانوو.
هەڵوەشاندنەوەی یاسای نوێی کرێی خانوو، دانانی بنمیچ بۆ بەرزبوونەوەی کرێ، قەدەخەکردنی کڕینی باڵەخانەی نیشتەجێبوون لەلایەن سندووقە بیانییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خانووبەرە، و راگرتنی دەرکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان.
پەیمانگەی نیشتمانیی ئاماری پۆرتوگال ئاشکرای کردووە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا نرخی خانووبەرە و کرێ بووەتە سێ هێندە، لە کاتێکدا مووچەی راستەقینەی هاووڵاتییان تەنیا 16% زیادی کردووە، هەروەها وڵاتەکە کورتهێنانی 300 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی هەیە.

ئیسپانیا
هاوشێوەی دراوسێکەی، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە لە ئیسپانیا زنجیرەیەک ناڕەزایەتیی فراوان دژی گرانبوونی کرێی خانوو و دەرکردنی زۆرەملێی خێزانەکان لە ماڵەکانیان بەردەوامە. ئەم ناڕەزایەتییانە چەندین هەفتەیە بەردەوامن و بوونەتە هۆی دروستبوونی گوشاری گەورە لەسەر کەرتی سیاسی و ئابووریی مەدرید.

بەلجیکا
لە برۆکسلی پایتەخت و شاری لیێژ، خوێندکاران و گەنجان بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی گشتی و چاکسازییە پێشنیازکراوەکانی کەرتی خوێندنی باڵا هاتنە سەر شەقام.
خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ پێکدادان و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاویان بەکارهێنا.
پۆلیسی شاری لیێژ ڕایگەیاند لە رۆژی شەممەدا 45 کەسیان دەستگیر کردووە کە 12 کەسیان مێرمنداڵ و نەوجەوان بوون، دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر دامەزراوە گشتییەکان و ئاگر لە چەند خاڵێک بەردرا.

ئەلبانیا
لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندانی خوێندکاران بەڕێوەچوو؛ هەرچەندە لە سەرەتادا داواکارییەکان تەنیا بۆ باشترکردنی دۆخی خوێندن بوون، بەڵام دواتر فراوان بوون بۆ رەتکردنەوەی گەندەڵی و داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
لە میانی پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا لە تیرانا، لانی کەم 59 کەس لە ئەندامانی پۆلیس و هاووڵاتییان بریندار بوون و زیان بە باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکان گەیشت.