کارەکانی 52ـەمین خولی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیی لە عێراق کۆتاییهات
بە بەشداریی 55 وڵات و 22 وەزیری دەرەوە، کارەکانی 52ـەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا کۆتایی هات؛ لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکایەتیی خولەکە لە تورکیاوە رادەستی عێراق کرا و بە دەرکردنی راگەیەندراوی بەغدا و جەختکردنەوە لەسەر دۆزی فەلەستین و ئاگربەستی غەززە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دوای 45 ساڵ لە میوانداریکردنی پێشووی لە ساڵی 1981دا، پایتەختی عێراق بە سەرکەوتوویی میوانداریی خولی 52ـەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC)ـی لە رۆژانی 17 و 18ی تشرینی یەکەم ئەنجامدا، کە لەژێر دروشمی دیالۆگ و هاوپشتی؛ دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی 55 دەوڵەتی ئەندام و چاودێر، 22 وەزیری دەرەوە، نوێنەری 30 رێکخراوی نێودەوڵەتی، شەش نێردراوی تایبەت و ئامینە محەممەد، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک میوانی شەرەف، بە کۆی گشتی 601 بەشداربوو بەڕێوەچوو. هاوکات لە میانی کارەکانی خولەکەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدی، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی رێکخراوەکە لە کۆماری تورکیاوە گوازرایەوە بۆ عێراق بە مەبەستی بەهێزکردنی رۆڵی بەغدا لە یەکخستنی هەڵوێستەکان و پەرەپێدانی کاری هاوبەشی ئیسلامی.
دۆزی فەلەستین و پرسی قودسی پیرۆز تەوەرەی سەرەکیی دانیشتنەکان بوون؛ وڵاتانی بەشداربوو جەختیان لەسەر چەسپاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، گەیاندنی بەپەلەی هاوکارییە مرۆییەکان، دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوە، رەتکردنەوەی کۆچپێکردنی زۆرەملێ و دروستکردنی داگیرگەی نوێ لەلایەن ئیسرائیلەوە کردەوە، شانبەشانی دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی تەواو بۆ مافەکانی گەلی فەلەستین و ئاژانسی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆنروا).
لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی قەیرانە هەرێمییەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا کرا لە رێگەی چەسپاندنی زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە. لە رووی ئابووریشەوە، بەشداربووان جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، وزە، گواستنەوە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک لە نێوان دەوڵەتانی ئیسلامیدا کردەوە.
کۆبوونەوەکە بە پەسەندکردنی کۆمەڵێک بڕیار و دەرکردنی فەرمیی راگەیەندراوی بەغدا کۆتایی هات، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی تەبایی و هاوکاریی دەوڵەتانی ئەندام کرایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان؛ هاوکات عێراق وەک سەرۆکی نوێی خولەکە پابەندبوونی خۆی دەربڕی بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دەرئەنجام و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سکرتارییەتی گشتیی رێکخراوەکەدا.