ترەمپ هۆکاری نەرمیی هەڵوێستی بەرامبەر بە رووسیا ئاشکرا دەکات

ترەمپ هێرش دەکاتە سەر زێلێنسکی: بەهۆی پارەی ڕۆژئاواوە نایەوێت جەنگ کۆتایی پێبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری رەتکردنەوەی واژۆکردنی بەڵگەنامەی سزاکان دژ بە مۆسکۆ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، نایەوێت بە هەنگاوی نەفامانە رووسیا لە مێزی دانوستان دووربخاتەوە لە کاتێکدا مۆسکۆ یارمەتیی ئێران نادات؛ هاوکات هێرشێکی توند دەکاتە سەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و تۆمەتباری دەکات بەوەی بەهۆی پارەی رۆژئاواوە نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، بڕیارەکەی سەبارەت بە رووسیا و سزاکان زۆر سادە و روونە، و ئاشکرای کرد: من لە پرۆسەی دانوستاندنم بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا، و نامەوێت هیچ کارێکی نەفامانە بکەم کە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی رووسیا لە مێزی دانوستان؛ پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە لەوانەش لە دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکاندا. واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامەیەی سزاکان لەم کاتەدا پرۆسەکە تێکدەدات، لە کاتێکدا دەتوانم دواتر یان هەر کاتێک بمەوێت واژۆی بکەم.

ترەمپ سەرنجی خستە سەر هاوکێشەی جەنگی ئێران و رۆڵی مۆسکۆ، و نووسیویەتی: رەنگە لەوەش گرنگتر ئەوە بێت کە رووسیا زۆر کەم یارمەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات لە چاو ئەوەی دەیتوانی بیکات؛ منیش دەمەوێت دۆخەکە بەو جۆرە بمێنێتەوە و واشی لێدەکەم، مەگەر ئەوەی کەسانی بێعەقڵ بێنە سەر رێگەم و تێکی بدەن.

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ستراتیژیی سەربازیی کیێڤ و گوتی: زێلێنسکی پاڵاوگەکانی دیزڵی رووسیا دەکاتە ئامانج، لە کاتێکدا دەزانێت ئەو هێرشانە زیانێکی ئێجگار قورس بە بازاڕی سووتەمەنیی جیهان و تەنانەت ئەمریکاش دەگەیەنن؛ جووتیاران، ئاژەڵداران و خاوەنکارەکانی ئێمە باجێکی زۆر دەدەن، سەرەڕای ئەمەش رووسیا بە نرخی هەرزان ملیۆنان بەرمیل دیزڵ بۆ جیهان دەنێرێت کەچی زێلێنسکی باکی بەمە نییە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ بە توندی رەخنەی لە سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و گوتی: بەو هەموو پارەیەی ئەوروپا پێی دەدات و جۆ بایدن پێشتر پێیداوە، زێلێنسکی نایەوێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت و ڕەنگە هەرگیزیش نەیویستبێت. دوو ساڵ لەمەوبەر دەیتوانی رێککەوتنێکی زۆر لەوە باشتر بکات کە ئێستا لە بەردەمیدایە؛ ئێستا وڵاتەکەی وێران بووە، بەشێکی گەورەی خاکەکەی داگیرکراوە، دەریاکانی لەدەستچوون، و هێزی پیاوانی وڵاتەکەی یان کەمبوونەتەوە، یان بریندار و کوژراون. من دەمەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت!