عێراقچی: ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی نەچێتە زیندان ئەمریکا دەخاتە نێو جەنگەوە

لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە باسی لە تەواوکردنی ئەرکی ئێران کردبوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: ئەگەر دەتانەوێت جارێکی تر بەختی خۆتان تاقی بکەنەوە فەرموون، بەڵام وریابن، ئێمەش چەند ئەرکێکی تەواونەکراومان ماوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە لە میانی دەربڕینی پشتیوانیی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، ئاماژەی بە لێدانی ئێران و تەواوکردنی ئەرکەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کردبوو.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: دواین جار کە ویستان ئەرکەکە تەواو بکەن، ئێران زۆر بەهێزتر لە جاران هاتە دەرەوە. ئایا دەتانەوێت دووبارە بەختی خۆتان تاقی بکەنەوە؟ فەرموون میوانمان بن و تاقی بکەنەوە، بەڵام وریابن؛ چونکە ئێمەش چەند ئەرکێکی تەواونەکراومان هەیە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راکێشا و نووسی: نەتەنیاهۆ تەنها بۆ ئەوەی نەچێتە زیندانەوە، ئەمریکا پەلکێشی جەنگێکی دیکە دەکات؛ بەبێ ئەوەی باکی بە لێکەوتە و دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی بێت بۆ سەر ئیسرائیل، چ جای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەم پەیامەی تاران وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دادەنرێت بۆ وتەکانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا رایگەیاندبوو نەتەنیاهۆ تاکە هاوبەشی بەهێزی ئەمریکایە لە جەنگی دژی ئێران و هۆشداریی دابوو لە ئەگەری دەرنەچوونی نەتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران رووبەڕوو ببێتەوە.