لوبنان داوا لە ئێران دەکات دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەی رابگرێت

وەزیری دەرەوەی لوبنان داوا لە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن بوەستێنن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا نەکەن، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ حکوومەتی ئێستای بەیرووت، جیاوازیی گەورەی دیدگایان هەیە.

یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: لە گوتارەکەیدا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، داوای لە تاران و هێزە نزیکەکانی کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و ئوردن رابگرن و دەست لە کاروباری ناوخۆی لوبنانیش وەرنەدەن.

رەجی سەبارەت بە چەکی گرووپەکان و دەسەڵاتی دەوڵەت جەختی لەوە کردەوە: تا ئەو کاتەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، سەروەریی نیشتمانی بەدی نایەت؛ هەروەها هەتا بڕیارەکانیش لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بدرێن، سەقامگیری بەرقەرار نابێت.

وەزیری دەرەوەی لوبنان پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بڕیارنامەی 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە و وەک تاکە رێگە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێناسەی کرد.

لە پەراوێزی هەمان کۆبوونەوەدا لە بەغدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ یوسف رەجی کۆبووەوە.

سەبارەت بە نێوەڕۆکی دانیشتنەکەیان، عراقچی رایگەیاند: دیدارێکی زۆر رێزدارانە، بەڵام هاوکات تەواو جددی و راشکاوانەمان ئەنجام دا. ئێمە جیاوازییەکی زۆری دیدگامان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای لوبناندا هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە پێگەی حزبوڵڵاش کرد و گوتی: حزبوڵڵا واقیعێکی گرنگە لە کۆمەڵگەی لوبناندا و بڕیاردانی ناوخۆیی تەنیا لە ئەستۆی لوبنانییەکان خۆیاندایە. هیوای خواست پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی لوبنان لەبەرچاو بگیرێت و لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت.

عەباس عراقچی لە میانی مانەوەیدا لە بەغدا، جگە لە هاوتا لوبنانییەکەی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق، لەوانە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی کۆبووەوە و بارودۆخی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.