لە سنە کار بۆ کردنەوەی دامەزراوەیەکی تایبەت بە زمان و ئەدەبی کوردی دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئارەش زەرەتەن لەهوونی، پارێزگاری سنە رایگەیاند، دامەزراندنی دامەزراوەیەکی تایبەتمەند بە زمان و ئەدەبی کوردی، یەکێکە لە داواکارییە ئەکادیمی و کولتوورییەکانی پارێزگاکە. لەهوونی داوای تەواوکردنی رێکارەکانی مۆڵەتپێدان و ئاگادارکردنەوەی فەرمیی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی کرد.

لە سنە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کولتووری گشتی بە ئامادەبوونی عەبدولحوسێن خوسرەوپەنا، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای کولتووری لە ئێران بەڕێوەچوو.

پارێزگار لە راپۆرتێکدا بۆ ئاژانسی ئیرنا روونیکردەوە، هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی دامەزراوەکە بەردەوامن. لەهوونی ئاشکرایکرد، لەگەڵ غوڵامعەلی حەداد عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم کۆبووەتەوە، بەڵام وادەیەکی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەکە دیاری نەکرد.

لەهوونی هیوای خواست سەردانی داهاتووی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری بۆ پارێزگاکە، هاوکات بێت لەگەڵ کردنەوەی دامەزراوەکە و راگەیاندنی فەرمیی دامەزراندنی.

پارێزگار جەختی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە پێشنیازکراوەکە بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ناسنامەی ئێرانی و جێگیرکردنی یەکێتی و پێکەوەژیان و پشتیوانیکردنی هیوای کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی بەشداریی هاووڵاتییان، بەو ئامانجانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی پێکرا.

لەهوونی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، پارێزگاکە سەرەڕای کەمیی تەرخانکراوی دارایی، بەردەوام بووە لە رێکخستنی چالاکییە کولتوورییەکان و لە پاڵ ئەوەشدا بەرنامە و چالاکیی دیکەی خستووەتە ناو پلانی کولتووریی خۆیەوە.