وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەردانێک دەگاتە تاران

لاڤرۆڤ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەگاتە تاران

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەردانێک دەگاتە تاران. ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی رووسیایە بۆ ئێران لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە و لە کاتێکدایە مۆسکۆ هەوڵی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان دەدات.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەردوو لا تاوتوێی پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. بڕیارە لاڤرۆڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە.

لاڤرۆڤ یەکشەممە رایگەیاند، ئامانجی هەوڵەکانی مۆسکۆ رێگرییکردنە لە گەڕانەوەی جەنگێکی بەرفراوان، ئەمەش لە سایەی پەککەوتنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن. دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی 2025.

ئەم سەردانە چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەرەتای تشرینی یەکەم بە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە بەشداری لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا بکات. هاوکات لاڤرۆڤ کۆتایی ئەیلوول لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ کارکردن لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری لە گەرووی هورمز و ناوچەی کەنداو.

پەیوەندییەکانی رووسیا و ئێران پتەون و ئاستی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانیان لەوەتەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە. جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوباتی ئەمساڵ بە هێرشێکی ئەمریکی - ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا.

هەردوو لا حوزەیران بە نێوەندگیریی پاکستان یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کرد، بەڵام تەممووز و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و وەڵامی ئەمریکا بە هێرشی سەربازی، یاداشتەکە پووچەڵ بووەوە.

تاران پێداگری لەسەر چاودێریکردنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکات و ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بێ وەرگرتنی مۆڵەت هەوڵی تێپەڕین دەدەن. واشنتن لە وەڵامدا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە ژمارەیەکی زۆرەوە یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکەن لە کاتی تێپەڕینیان بە گەرووی هورمزدا.

کازم جەلال، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا سەبارەت بە سەردانەکە روونیکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هەفتەی رابردوو لە ئاشکەباتی تورکمانستان بۆ سێیەمین جار لە ماوەی مانگی رابردوودا لەگەڵ پووتین کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوانەدا، پووتین بە هاوتا ئێرانییەکەی گوتووە، رووسیا ئامادەیە هەموو رێکارێک بگرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئێران.

لاڤرۆڤ ئەمڕۆ لە بەحرەین و لە میانی کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان رووسیا و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، داوای کرد بگەڕێنەوە سەر ئەو یاداشتنامەیەی پاکستان نێوەندگیریی تێدا کردووە. ئەو یاداشتنامەکە بە چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز دادەنێت.

وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە، چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز پێویستی بە مامەڵەکردنە لەگەڵ هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکە و بەردەوامبوونی دیالۆگ بۆ پێشگرتن لە جەنگێکی بەرفراوان. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان واشنتن و تاران تووشی ئاستەنگ بووە.

یاداشتنامەکەی پاکستان چوارچێوەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دەستپێکردنی دانوستان بۆ چارەسەرێکی بەرفراوان دیاری کردبوو. یاداشتنامەکە پرسی ئاسایشی گەرووی هورمز، سزاکانی ئەمریکا، دۆسیەی ئەتۆمی و رێکاری دیکەی ئاسایشی لەخۆگرتبوو و جەختی لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60%ـی رۆژدا کردبووەوە، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکە بە رەزامەندیی هەردوو لا.