وەزیری وزەی ئەمریکا: ترەمپ رێگە نادات ئێران ئەتۆمی هەبێت
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی هەناردەی نەوت لە کەنداو گەیشتووەتە 80%ـی ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ دژ بە ئێران. هەروا سەرۆک ترەمپ رێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، کریس رایت وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز روونیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بڕیارەکانیدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران، سەرنجی لەسەر هەڵبژاردنەکان نییە.
وەزیری وزەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، ترەمپ رێگە نادات ئەو سەرۆکەی شوێنی دەگرێتەوە، ئێران بە دەستەی چەکی ئەتۆمییەوە بەجێبهێڵێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی دیکە رایت گوتی: لەگەڵ ئەوروپییەکان دانوستان دەکەین بۆ خستنە بازاڕی بڕێکی زۆری گازوایل، بەڵام کاردانەوەیان لەسەرخۆیە. جەختیشی کردەوە، سووککردنی سزاکان لەسەر هەناردەی رووسیا تەنیا گازوایل دەگرێتەوە.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی فەرمانێکی جێبەجێکردنەوە کڕینی نەوت و گازی رووسیای لە بەشێک لە سزاکان بەخشی، ئەوەش بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و بە مەبەستی زیادکردنی خستنەڕووی سووتەمەنی و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر کۆنگرێس یاسای سزادانی پەسەند کردبوو.
ئەم بڕیارە لە ناوخۆی ئەمریکادا رەخنەی توندی دیموکراتەکان و بەشێک لە کۆمارییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا کە بە تەسلیمبوون بە پووتین و دروستکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ درێژەدان بە جەنگی ئۆکراینای دادەنێن، لە کاتێکدا کڕیارە گەورەکانی وەک چین و هیندستانی لە مەترسیی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا بەدوور گرت. لە رووی ستراتیژییەوە، ئەم هەنگاوە پێشخستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان نیشان دەدات بەسەر گوشارە سیاسییەکاندا و هێمایە بۆ دەستپێکی لێکگەیشتن و نزیکبوونەوەیەکی نوێی نێوان ترەمپ و مۆسکۆ.