لە دهۆک سەنتەری دڵ چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات
سەنتەری دڵ لە دهۆک رۆژانە بە نەشتەرگەریی ئاڵۆز ژیانی دەیان نەخۆش لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان رزگار دەکات. ئەم ناوەندە پزیشکییە کە لە نەخۆشخانەی ئازادی هەڵکەوتووە، بەهۆی بوونی ئامێری پێشکەوتوو و کوالێتیی بەرزی خزمەتگوزارییەکانەوە، بووەتە پەناگەی سەرەکیی ئەو نەخۆشانەی لە بەغدا، بەسڕە، ئەنبار و ناسریەوە رووی تێدەکەن.
دکتۆر عەلا سالم، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ئاستی بەرزی خزمەتگوزارییەکان هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکانەوە متمانە بەم ناوەندە بکەن.
لەناو حەوت هۆڵی پێشکەوتووی سەنتەرەکەدا، رۆژانە سێ بۆ چوار نەشتەرگەریی گەورەی دڵ و زیاتر لە 25 نەشتەرگەریی قەستەرە دەکرێن. سەرجەم ئەم خزمەتگوزارییانەش بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بێ بەرامبەر پێشکەش دەکرێن.
سەلیم حاجی یوسف، کە نەخۆشێکی سەنتەرەکەیە راگەیاند: ئەوەی لێرە بۆ من کرا کارێکی گەورە بوو، خزمەتی کارمەندان و پزیشکانی ئەم سەنتەرە جێگەی دەستخۆشییە و سوپاسی هەموویان دەکەم.
عەلا سالم روونیکردەوە، لە ساتەوەختی گەیشتنی بە نەخۆشخانەکە باری تەندروستیی ناجێگیر بووە، بەڵام بە خێرایی نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستا بە تەندروستییەکی باشەوە دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی.
عەلا سالم جەختیکردەوە، ئامێرەکانی سەنتەرەکە بە ستاندەری جیهانی کار دەکەن و هەموویان نوێن، ئەمەش وایکردووە سەنتەرەکە تەنیا بۆ خەڵکی دهۆک نەبێت، بەڵکو لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەخۆش سەردانیان بکەن.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەرەکە، رۆژانە چەندین نەشتەرگەریی ئاڵۆز لەناو هۆڵەکاندا دەکرێن و بەردەوام هەوڵ دەدەن ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاووڵاتییان بەرزتر بکەنەوە.