لە ئەمریکا نرخی خانوو و سووتەمەنی و پێداویستییەکان گران بوون
لە کاتێکدا وادەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خۆراک و هەڵکشانی تێچووی سووتەمەنی و کرێی خانوو، گوشارێکی قورسیان خستووەتە سەر ژیانی خێزانەکان. ئەم بارودۆخە ئابوورییە وایکردووە تێچووی رۆژانە ببێتە پێوەرێکی بنەڕەتی، بە جۆرێک هاووڵاتییان لە کاتی هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکاندا، پێش هەر دروشمێکی سیاسی، چاویان لە توانای ئەوان بێت بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە.
لە بەنزینخانەکانەوە تا رەفەی فرۆشگەکان، گرانی بووەتە بابەتێکی سەرەکیی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا. لە 3ـی تشرینی دووەم، دەنگدەران بڕیار لەسەر پێکهاتەی نوێی کۆنگرێس دەدەن؛ بۆ زۆرێکیان خەرجی ژیانی رۆژانە یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان.
لۆرا جۆنسن، هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "برازا و خوشکەزام هەن کە مانگانە زیاتر لە 2 هەزار دۆلار بۆ کرێی شوقەیەکی یەک ژووری نووستن دەدەن. کاتێک بیر لە یەکەم شوقەی خۆم دەکەمەوە، هەرچەندە لە ساڵانی حەفتاکان بوو، کرێکەی 40 دۆلار بوو. یەکەم ئۆتۆمبێلیشم، کە بە سفر کیلۆمەتر لە پێشانگا کڕیم، 2 هەزار و 500 دۆلار بوو. ئێستا ئەگەر لەم وڵاتەدا بە تەنیا بژیت، ساڵانە 50 هەزار دۆلار بەشی بژێویت ناکات. ئەگەر باس لە کرێی نیشتەجێبوون و خۆراک و پارەی پسوولەکان دەکەیتەوە، زۆر سەختە. پێشم وانییە دۆخەکە بەم زووانە باشتر ببێت".
نیگەرانی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە راپرسییەکانیشدا رەنگ دەداتەوە. بەپێی راپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی پیو، کە 8ـی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، 84%ـی دەنگدەرە تۆمارکراوەکان دەڵێن ئابووری بۆ بڕیاری دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرنگە. شۆفێران کە رۆژانە چاویان بە نرخی بەرزی سووتەمەنی دەکەوێت، نیگەرانن.
ڤێنسن جۆنسن، هاووڵاتییەکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا: "تازە ئۆتۆمبێلێکی بچووکی جۆری SUVـم کڕیوە. پێشتر بە 12 دۆلار تانکی بەنزینەکەیم پڕ دەکردەوە. دەزانن ئێستا چەندی تێدەچێت؟ 50 دۆلار. خواردنیش هەر وایە. پێشتر هەفتانە 80 دۆلارمان بۆ خواردن خەرج دەکرد، ئێستا هەفتانە 200 دۆلار خەرج دەکەین".
کێڤن گاردن، هاووڵاتییەکی ئەمریکی گوتی: "سەبارەت بە نرخی گازوایل پێم وایە هەرگیز نرخەکەی ئەوەندە بەرز نەبووە. گازوایلیش سووتەمەنیی ئەو بارھەڵگرانەیە کە خواردن دەگەیەننە فرۆشگەکان. بۆیە دۆخەکە شێواوە. زۆرێک لەمانە بڕیاری خۆپەرستانە و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات دەدەن. نە لە پێناوی گەلی ئەمریکا و نە بۆ ئاشتیی جیهان و نە بۆ مرۆڤایەتی؛ بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەی چەند کەسێک دەوڵەمەند و بەدەسەڵات بن. لە ئەنجامدا، هاووڵاتیی ئاسایی ئەمریکا و هاووڵاتیی ئاسایی سەرتاسەری جیهان ناچار دەکرێن پارەی زیاتر خەرج بکەن".
بەگوێرەی دەزگای ئاماری کاری ئەمریکا، لە ئەیلوولی ئەمساڵ، نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، بە تێکڕا 3.7% بەرز بووەتەوە. لە هەمان ماوەدا، نرخی بەنزین 34%ـی و خەرجی نیشتەجێبوون 3.2%ـی زیادی کردووە. هەرچەندە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی بەرزکردەوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان کاریگەریی ئەرێنی بەسەر هەڵاوسانەوە نەبووە.
لە هەڵبژاردندا، دۆخی ئابووری یەکێکە لە گرنگترین پێوەرەکان لای دەنگدەری ئەمریکی بۆ دەنگدان بە بەربژێرێک یان پارتێکی سیاسی. ئێستا کە نرخی کاڵا و شتومەک بەرز بووەتەوە، هاووڵاتییانی ئەمریکا وردتر بیر دەکەنەوە کە دەنگ بە کام بەربژێر یان پارتێکی سیاسی بدەن.