ماکرۆن دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رەت دەکاتەوە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەستلەکارکێشانەوەی لۆران نونیێز، وەزیری ناوخۆی رەتکردەوە. ماکرۆن دانی بەوەدا نا کە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو، کە توندوتیژییان لێکەوتەوە، کەموکوڕی لە پێشبینی و کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکاندا هەبووە.
کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە وەزیری ناوخۆ دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکی فەرەنسا کردووە، بەڵام ماکرۆن بەهۆی پێویستیی بەردەوامیی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان لەم دۆخەدا، داواکارییەکەی رەتکردەوە. سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، سەرۆک لە وەزیری ناوخۆی خواستووە هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دیاریکردنی ئەو کەموکوڕیانەی لە کایەی هەواڵگریدا روویانداوە و بوونەتە هۆکاری هەڵگیرسانی توندوتیژییەکان.
نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت لە باڵی راستڕەوی توندڕەو، داوای دەستلەکارکێشانەوەی نونیێزیان کرد، کە تەنیا ساڵێکە پۆستەکەی وەرگرتووە. سەرۆکایەتیی فەرەنسا راشیگەیاند، ماکرۆن داوای لە نونیێز کردووە بە خێراترین کات شێوازی کاری نوێ بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە مەیدانەکان دابنێت تا بەشێوەیەکی کاریگەر رووبەڕووی تێکدەران ببنەوە و کۆتایی بە دیاردەی ئاستەنگەکان و تاڵانکاری بهێنن.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هەوڵ دەدەن تووڕەیی و نیگەرانییەکانی پەیوەست بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانە دژ بە گرانبوونی ژیان کۆنترۆڵ بکەن، کە بۆ توندوتیژیی گۆڕا و مەترسیی قەیرانێکی سیاسیی لێکەوتەوە. بەپێی ئاماری فەرمی، شەممەی رابردوو، نزیکەی 2400 کەس دەستگیر کران و نزیکەی 1000 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڕیارە وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری مارسیلیا لە باشووری فەرەنسا بکات، کە یەکێک بووە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. مەزەندەی دەسەڵاتداران ئەوە دەردەخات کە شەممە نزیکەی 30000 کەس بەشدارییان لە کارە تاڵانکارییەکاندا کردووە.
سەرۆکی فەرەنسا، کە دوای نزیکەی 10 ساڵ لە دەسەڵات ناوبانگی لە نزمترین ئاستدایە، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەست بە تووڕەیی و شەرمەزاری دەکات، بەڵام هیچ رێکارێکی توندی رانەگەیاند. ماکرۆن جەختی کردەوە، ئەوانەی هەوڵیانداوە وڵاتەکە بڕووخێنن، بەرپرسیارییەتیی کردەوەکانیان هەڵدەگرن.
سباستیان لوکورنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئەمڕۆ دووشەممە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزاریی هاوبەش دەکات. بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سێ تەوەر دەکرێت: ئابووری و بازرگانی، بیمە و رێکاری دادوەری.