کەرتی پەرستاری لە ئێران بەهۆی کەمیی مووچەوە رووبەڕووی گرفت بووەتەوە
کەرتی پەرستاری لە نەخۆشخانەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەهۆی کەمیی مووچە و فشاری زۆری کارەوە، سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە. ئێستا هەزاران قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەکان بێ پەرستار ماونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە دەست لەکاردەکێشنەوە.
ئەحمەد نەجاتیان، سەرۆکی رێکخراوی سیستمی پەرستاریی ئێران رایگەیاند، ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 3 هەزار پەرستار دادەمەزرێنین، لە کاتێکدا بە هەمان قەبارە و تەنانەت زیاتریش دەست لەکاردەکێشنەوە.
نەجاتیان روونیکردەوە، لە تاران تەنانەت بە هەبوونی مۆڵەتی دامەزراندنیش، کەس ئامادە نییە بەو کارە رازی بێت، یان ئەگەر بەشدار بن، پاش چەند مانگێک داوای گواستنەوە دەکەن یان دەست لەکاردەکێشنەوە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە، پێویستە رێکارێک بۆ هێشتنەوەی پەرستاران لە تاران و پارێزگاکانی وەک هورمزگان و سیستان و بەلووچستان بگیرێتەبەر کە کێشەی جددییان هەیە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 300 هەزار ئەندامی رێکخراوی پەرستاری لە ئێران، تەنیا 200 هەزاریان لە بەشی چارەسەرکردندا چالاکن. لە کاتێکدا بەپێی ستانداردەکان دەبێت بۆ هەر قەرەوێڵەیەک دوو پەرستار هەبێت، لە ئێران تەنیا یەک پەرستار بەردەستە، ئەمەش مانای وایە سیستمی تەندروستیی ئێران پێویستی بە 100 هەزار پەرستاری دیکە هەیە.
سەرەڕای ئەوەی ساڵانە 18 هەزار خوێندکار لەو بەشە دەردەچن و حکوومەت مۆڵەتی دامەزراندنیان بۆ دەردەکات، بەڵام نەبوونی هاندانی دارایی بووەتە هۆی بەردەوامیی کێشەکە. لە ساڵی رابردوودا لە کۆی 12 هەزار مۆڵەت، 10 هەزار پەرستار وەرگیران و ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت لە 32 هەزار مۆڵەتی تەندروستی، 16 هەزاریان بۆ پەرستاران تەرخان بکرێت.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە 70%ـی پەرستاران ئافرەتن و لە پاڵ 40 بۆ 42 کاتژمێر دەوامی هەفتانە، ناچارکراون مانگانە 80 کاتژمێر کاری زیادەی زۆرەملێ بکەن.
پەرستارانی ئێران جگە لە مووچە، پاداشتی تایبەت بە ماندووبوونیان لە پارەی بیمەی نەخۆشەکان وەردەگرن. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی بیمەکان بە نەخۆشخانەکان، ماوەی نزیکەی حەوت مانگە پێدانی ئەو پاداشتەیان راگیراوە و ئەمەش نیگەرانیی پەرستارانی لێکەوتووەتەوە.