بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان سست کردووە
بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، زیانی دارایی گەورەی بە کەرتی بازرگانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بەپێی گوتەی خاوەن پێشانگاکان، بازاڕ تووشی سستییەکی زۆر بووە و مامەڵەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
خاوەن پێشانگاکان دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان، لە فرۆشتنی هەر ئۆتۆمبێلێکدا 10 بۆ 15 وەرەقە (1000 بۆ 1500 دۆلار) زیان دەکەن. ئێستا پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە رێژەی 90%ـی جووڵەیان تێدا نەماوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی یەک حەفتەدا بەهای هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 20 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
سەمیر محەمەد، کە کڕیارێکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پێشانگاکان بەتاڵن و هیچ کەسێک ئۆتۆمبێل ناکڕێت، ئێمەش بووین بە زیانمەند".
هاوکات باوکی تاریق، کە خاوەن پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلە گوتی: "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیانی گەورەی بە خاوەن پێشانگاکان گەیاندووە و کارکردن وەستاوە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مانگانە زیاتر لە 30 وەرەقە زیان دەکەین".
سەرەڕای ئەوە، عەبدی مستەفا، نوێنەری خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئاشکرایکرد، 90%ـی کارەکانی پێشانگاکان وەستاوە و هاووڵاتییان چیتر روو لە کڕینی ئۆتۆمبێل ناکەن.
ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل تووشی قەیرانێکی لەم شێوەیە دەبن. بەهۆی نەبوونی جووڵەی بازرگانی، بەشێک لە خاوەن پێشانگاکان بیر لە داخستنی شوێنەکانی کارکردنیان دەکەنەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخی بازاڕ بەم شێوەیە بمێنێتەوە، هەر پێشانگایەک مانگانە زیاتر لە 30 وەرەقە زیانی پێ بگات و ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل و ئابوورییەکەیان دروست دەکات.