شاندی ئیمراڵی سەردانی لایەنەکان دەکات

لە چوارچێوەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی دەست پێ دەکات؛ هاوکات پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی لیژنەی چاودێری دەکات.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی قۆناخی ئێستای پڕۆسەکە و تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ دەکات.

ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار پێک هاتوون. بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەگای سەرەکیی یەنی پارتی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی ئەو پارتە کۆببنەوە. ئەم دیدارە وەک یەکەم هەنگاوی شاندەکە لە گەڕی نوێی سەردانە سیاسییەکانیدا هەژمار دەکرێت.

شاندی دەم پارتی پێشتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بەرپرسانی ئاک پارتی ئەنجام دابوو. 

لەو دیدارانەدا گفتوگۆ لەسەر قۆناخی ئێستای پڕۆسەکە و رێکخستنە یاساییەکانی دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کرابوو. هەروەها میکانیزمی دامەزراندنی لیژنەی چاودێری لە ناو پەرلەماندا تاوتوێ کرابوو.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دیداری پارتە سیاسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی لیژنەی چاودێریی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا دەست پێ بکەن.

لەم رووەوە بڕیارە سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتوڵموش، لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە تاوەکو پەیکەربەندی و ژمارەی ئەندامان و شێوازی کارکردنی لیژنەکە بەتەواوی روون ببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەهمەت ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی و چەکداماڵینی پەکەکە، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان بنبڕکردنی یەکجاریی چالاکییە چەکدارییەکان و گوتاری تیرۆرە نەک تەنها وەستاندنی کاتی. هەروەها روونی کردەوە، دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "رێکخەری پرۆسەی چەکدانان" رۆڵ بگێڕێت، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی یاسایی یان سزاکەیدا بکرێت.