باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا: مەترسیی داخرانی ئاسمانی ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هەیە

باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا هۆشدارییان بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان دا سەبارەت بە پەرەسەندنی خێرای پێشهاتە ئەمنییەکان، ئەو هۆشدارییە بەتایبەت ئاماژەی بە هێرشەکانی گرووپی حووسییەکان کردووە بۆ سەر سعوودیە.

لەو ئاگادارکردنەوەیەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت ململانێکان بە خێرایی پەرە بسێنن و لە بازنەی ئێستای رووبەڕووبوونەوەکان تێپەڕن، ئەم دۆخە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمان و پچڕانی هاتوچۆی گەشتیاری.

لیستی ئەو وڵاتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی ئەمنیی تێدا بڵاوکردوونەتەوە بریتین لە، سعوودیە، ئیمارات، کوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عێراق، لوبنان، یەمەن، ئێران، ئیسرائیل و قودس.

باڵیۆزخانەکان داوایان لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کردووە کە گەشت بۆ ئەو ناوچانە دەکەن یان لەوێن، چاودێری وردی کارەکانی فڕۆکەخانە و هێڵە ئاسمانییەکان بکەن، هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە پلانی بەدیلیان بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان ئامادە بێت.

هاوکات، باڵیۆزخانەکان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری ئەوەی ئێران و لایەنگرانی، بەرژەوەندییەکان یان شوێنەکانی پەیوەست بە ئەمریکا و هاووڵاتیانی لە سەرانسەری جیهاندا بکەنە ئامانج. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان و دامەزراوەکانی دیکە وەک ئامانجی ئەگەری دیاریکراون.