گوتەبێژی سوپای پاسداران: بە جیهانی پیشاندەدەین چی روودەدات
گوتەبێژی سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و هۆشداری دەدات، ئەگەر هێرش بکڕێتەوە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران، ئەوە بە جیهانی پیشاندەدەن چی دەکەن و جووەکانی ئیسرائیلیش دەربەدەری بیابانی سینای میسر دەکەن.
حوسێن موحبی گوتەبێژی سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تسرینی یەکەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەر زیانێک بە ژێرخانەکانی وزەمان بگەیەندرێت، بەخێرایی لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕەکمانەوە چاک دەکرێنەوە، لە بەرامبەردا خاکە داگیرکراوەکان بە جۆرێک لە ئاگر هەڵدەکێشین و دەیکەینە زەوییەکی سووتاو و دانیشتووانەکانیان راپێچ و دەربەدەری بیابانی سینا دەکەین.
هەروەها نووسیویەتی "هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران، بە جیهانی پیشاندەدەین چی روودەدات".
ئەم هەڵوێستە توندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەکاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ ماوەیەکە تاوتوێی چۆنێتی هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆتایی هێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەن، لەنێویاندا زانیارییەک دزەی پێکراوە، گوایە پلانیان هەیە بە بەهێزترین مووشەکی جۆری GBU-43/B MOAB هێرشی سەر ئێران بکەنەوە، کە بە دایکی بۆمبەکان ناسراوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی پشتیوانیی بۆ هەڵبژاردنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ بە سەرۆکوەزیران ئاراستەی خەڵکی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانێکی جەنگاوەرە و هاوبەشێکی مەزنە بۆ ئاشتەوایی، لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا سەرکەوتوو بووە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ رایگەیاندووە، ئێران لە رووی سەربازی و داراییەوە وێران کراوە، ئەگەر بە خێرایی هەڵوێست و رەفتارەکانی نەگۆڕێت، ئەوا بەم زووانە کۆتایی پێدەهێنین.