ئەندازیارانی نەوت لە کەرکووک: خەڵکی دەرەوەی شار لە شوێنی ئێمە دادەمەزرێن
دەرچووانی بەشی ئەندازیاریی نەوت لە کەرکووک بە مەبەستی داواکردنی مافی دامەزراندن گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و، رەخنە لە هێنانی خەڵکی شارەکانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی هەلی کارەکان دەگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشی ئەندازیاریی نەوت لە شاری کەرکووک، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و داوای دامەزراندنیان کرد. دەرچووان رەخنە لەوە دەگرن سەرەڕای دەوڵەمەندیی شارەکەیان بە نەوت، ئەوان بێکارن و خەڵکی پارێزگاکانی دیکە لە شوێنیان دادەمەزرێن.
بەشێکی خۆپیشاندەران قسەیان بۆ هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 کرد و ئەوەیان خستەڕوو، هەندێکیان زیاتر لە 14 ساڵە (واتە لە ساڵی 2012ـەوە) خوێندنیان تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە لایەن حکوومەتەوە نەکراون بە فەرمانبەر و داواکارییەکانیان پشتگوێ خراوە.
یەکێک لە گەنجە ناڕازییەکان بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "کەرکووک شارێکی نەوتییە و پێویستی بە پسپۆڕیی ئێمەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە شارەکەمان بووەتە شوێنێک بۆ دامەزراندنی خەڵکی دەرەوە. گەنجان لە بەسرە، مووسڵ، تکریت و دیالەوە دێن لێرە دادەمەزرێن، بەڵام خەڵکی شارەکە و پسپۆڕانی بێبەش دەکرێن."
دەرچووان نیگەرانیی توندی خۆیان بەرانبەر بە بەرپرسان، پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەربڕی. ئەوان دەڵێن، "چەندین جار سەردانیان کردووین و بەڵێنیان پێداوین کێشەکانمان چارەسەر بکەن و نووسراو بۆ وەزیری نەوت بەرز بکەنەوە، بەڵام هەمووی تەنیا قسە و بەڵێنی بێ بنەما بووە و هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە".
لە لایەکی دیکەوە، کچە دەرچوویەکی بەشداربووی گردبوونەوەکە، ئاماژەی بەوە دا، حەوت ساڵ پێشتریش هەر بۆ هەمان مەبەست هاتووەتە سەر شەقام و گوتی، "زیاتر لە 10 بۆ 13 ساڵە دەرچووین و چاوەڕێین. پرسیار دەکەین بۆچی خوێندمان ئەگەر دانەمەزرێین؟ مافەکانی ئێمە پێشێل کراوە و داواکارین لە بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگەمان بکرێتەوە."
دەرچووە ناڕازییەکان جەختیان لەوە کردەوە، کۆڵ نادەن و تا بەدەستهێنانی مافەکانیان و گەیشتن بە دامەزراندن، بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان.
کێشەی دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە عێراق یەکێکە لە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردوو. کەرکووک وەک پارێزگایەکی دەوڵەمەند بە نەوت، خاوەنی کۆمپانیای نەوتی باکوورە و بەشێکی زۆری داهاتی عێراق دابین دەکات، بەڵام گەنجان و دەرچووانی بەشە ئەندازیارییەکانی ئەو شارە بەردەوام رەخنە لەوە دەگرن، بێبەش کراون لە دامەزراندن لە کەرتی نەوتیدا.
یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دەرچووانی کەرکووک ئەوەیە، زۆرجار بەهۆی واستە و دەستتێوەردانی حزبییەوە، گەنجانی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە شوێنی ئەوان لە پڕۆژە نەوتییەکانی شارەکەدا دادەمەزرێن.