فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی "تیۆدۆر رۆزڤڵت" بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت

فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی ئەمریکی "یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤڵت" بنکەی دەریاییی یۆکۆسۆکا لە ژاپۆن بەجێهێشت و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت.

بە گوێرەی بەرپرسانی ناوچەکە، ئەمە یەکەمین جارە کە فڕۆکەهەڵگری "تیۆدۆر رۆزڤڵت" لەو بنکە دەریایییەدا لەنگەر بگرێت. ئەوەش بە مەبەستی تەواوبوونی کارە تەکنیکی و لۆجستییەکانی، لەو بنکەیە لەنگەری گرت و ئەمڕۆ ژاپۆنی  جێهێشت و راستەوخۆ بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت.

هاوکات ماڵپەڕی هەواڵیی پەیمانگەی دەریاییی ئەمریکا (USNI) بڵاویکردەوە، گرووپی هێرشبەری ئەم فڕۆکەهەڵگرە سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکێکە کە پێشبینی دەکرێت ماوەیەکی درێژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخایەنێت. چاوەڕوانیش دەکرێت کەشتییەکە جێگەی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن" بگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ژاپۆن جێگیرە و ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەرک بەڕێوەدەبات.

بەشداریکردنی ئەم فڕۆکەهەڵگرە لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) لە کاتێکدایە، کە گرژییەکان سەبارەت بە دۆخی ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریایییەی خراوەتە سەر تاران، واشنتن دوو گرووپی جەنگیی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا بڵاوەپێکردووە.

پەیوەست بەم دۆخە ئاڵۆزەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە رەنگە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمدا، هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکەنەوە.