ئەمڕۆ رێباز حەملان وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەستبەکاردەبێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026،  رێباز حەملان وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا دەستبەکار دەبێت و ئەرکەکەی وەردەگرێت.

رێباز حەملان، کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، سبەی یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی لە وەزارەتەکەی دەبەستێت.

لە چوارچێوەی دەستپێکردنی ئەرکە فەرمییەکانیدا، رێباز حەملان شەممەی داهاتوو وەک وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.

رێباز حەملان لە ساڵی 1981 لەدایکبووە و خاوەنی ئەزموونێکی بەرچاوە لە کایەی بەڕێوەبردن و سیاسەتدا. ناوبراو پێشتر وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بووە.

هەروەها رێباز حەملان ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و وزە و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بووە. لە مێژووی کاری فەرمیی خۆیدا، وەک وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەت و بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کاری کردووە و لەو ماوەیەدا چەندین پۆستی دیکەی بە وەکالەت بەڕێوەبردووە.

پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاتژمێر 8:50ـی شەو، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار،  بە مەبەستی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاریی حکوومەت، کۆبووەوە.

لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەدا، پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشییە 11 کاندیدی پۆستە وەزارییەکان و سێ جێگری سەرۆکوەزیران، بەمەش وەزارەتە بەتاڵە و تازە پێکهێنراوەکان یەکلایی کرانەوە.

 دوای هەڵبژاردنی رێباز حەملان، وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: رێنمایی سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە هەمیشە ئەوە بووە، کە خزمەتی هەموو گەلی عێراق بکەین.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵدا بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەبێت.