دەربەندیخان.. بەشی مۆڵەت و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەکرێتەوە

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە

بۆ ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، بڕیارە لە سنووری 30 قەزای هەرێمی کوردستان بەشی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بکرێتەوە، قەزای دەربەندیخان یەکێکە لەو ناوچانە و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی قەزاکەش رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو مەبەستە کراوە و چاوەڕوانی دابینکردنی پێداویستییەکان و کارمەند دەکەن.

لەپێناو پێشکەشکردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی فشار و قەرەباڵخی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکان، پلانی کردنەوەی بەشی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە 30 قەزا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، قەزای دەربەندیخان یەکێکە لەو شوێنانەی ئەم خزمەتگوزارییەی تێدا دابین دەکرێت.

عەقید جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هەنگاوی جددی و گەورە بۆ کردنەوەی بەشی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە سنوورەکەمان هەیە و ئامادەکاری تەواومان کردووە، شوێنیشمان بۆ هەردوو بەشەکە ئامادەیە و هیچ کێشەیەکمان لەو لایەنەوە نییە، بەڵام ئێستا چاوەڕوانی کڕینی پێداویستی و کەلوپەلەکانین."

بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان بووەتەوە بریتییە لە کەمی و نەبوونی کارمەند، بەڵام بەڵێنیان پێدراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت و کارمەندی پێویست و تایبەتمەند بۆ بەشە نوێیەکان دابین بکرێت.

لەبارەی سوودەکانی ئەم پرۆژەیەوە، عەقید جاسم محەمەد روونی کردەوە، کردنەوەی ئەم دوو بەشە، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاووڵاتییانی قەزاکانی دەربەندیخان، قەرەداخ و شارەزوور دروست دەکات، هەروەها باری قەرەباڵخی لەسەر بەشەکانی هاتووچۆی سلێمانی و گەرمیان کەم دەکات.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنیشی، رایگەیاند، لە سەرەتادا بە گوێرەی پلانەکە ئەو هاووڵاتییانەی کارتی زانیاری و ئۆتۆمبێلەکانیان لە دەربەندیخانە دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییە وەربگرن، و دواتر دەرگا بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەش دەکرێتەوە کە بیانەوێت مامەڵەکانیان بگوازنەوە. هاوکات لە بەشی ساڵیانەی ئۆتۆمبیلدا، هەموو رێکارەکانی پشکنین، بەناوکردن و تابلۆبەستن بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک بەڕێوە دەچێت.