وەزارەتی کارەبا: لە چەند وێستگەیەک کێشەی تەکنیکی دروست بووە و سەرقاڵی چاککردنەوەین
وەزارەتی کارەبا: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە چەند وێستگەیەک، بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا لە هەولێر بێکارەبا بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی ڕوودانی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە ژمارەیەک وێستگەی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا تووشی پچڕانی پێدانی کارەبا بوون.
ئاماژەی بەوەش داوە، کێشە تەکنیکییەکە لە وێستگەکانی (خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پاڕک) تۆمار کراوە، و بەو هۆیەوە پچڕانی کارەبا دروست بووە.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، تیمە تەکنیکی و مەیدانییەکانیان لە زووترین کاتدا گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و لە ئێستادا سەرقاڵی چاککردنەوەی کێشەکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دۆخی کارەبا بۆ هاووڵاتییان ئاسایی بکرێتەوە.