خوێندنی باڵا ئاسانکارییەکی دیکەی بۆ قوتابیان کرد و کرێی ئەمساڵی خوێندنی کردە پێنج قیست

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی کەسوکاری خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاریدا کرێی ئەمساڵی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە پێنج قیست وەربگیرێت.

نووسراوی بڕیارەکە بە واژۆی ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. کە ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەرچووە و کۆپی بە دەست ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، تێیدا هاتووە، بۆ خوێندنی ئەمساڵ (2026-2027) وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ وەرگرتنی پارەی خوێندنی (پارالێل - ئێواران) بە پێنج قیست دەبێت.

بڕیارەکە سەرجەم ئەو خوێندکار و قوتابیانە دەگرێتەوە، کە بە شێوازی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هاوکات ئەم بڕیاری دابەشکردنی کرێی خوێندن بۆ پێنج قیست، دوای بڕیاری داشکاندنی رێژەی (45%)ی کرێی خوێندن دێت کە پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک ئاسانکاری و لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی قوتابیان خوێندکاران دەریکرد بوو.

هەروەها عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، وەرگرتنی قیستەکان بەگوێرەی سیستەمێکی دیاریکراوە و پێویستە خوێندکار لە کاتە دیاریکراوەکاندا تا کۆتایی ساڵ پێنج قیستەکەی خوێندن بدات، گوتیشی: داشکاندنی 45%ـی خوێندنی پارالێل و ئێواران و دابەشکردنی کرێی خوێندنی ئەمساڵ بۆ پێنج قیست، ئاسانکارییەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم کابینەیەی حکوومەت بۆ قوتابیان و خوێندکاران و خێزانەکانیان کردوویەتی، کە پێشتر نەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، هەر خوێندکار یان قوتابییەک قیستەکانی نەدات، لە کۆتایی ساڵ رێگەی پێنادرێت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناخی یەکەمی زانکۆکان دەستیان بە دەوام و ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 کردووە.