سەرۆکی حکوومەت دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی رەتکردەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی و ئابووریی رەتکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی رەتکردووەتەوە.
هەمان سەرچاوە گوتیشی، "وەزیری دارایی و ئابووریی سوورە لەسەر داواکارییەکەی، نایەوێت دەست بە دەوام بکاتەوە و داوا دەکات داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ بکرێت".
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە 30ی ئەیلوولی 2026 داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا بۆ رای گشتی، هۆکار و پاشخانەکانی پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی خستەڕوو و، گوتی: "دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی نەرێنیی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت، کە گەیشتە ئەو ئاستەی لە رێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردن بە هێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە رێکەوتی 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی درا کە هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت".
ئاوات شێخ جەناب دووپاتی کردەوە، لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیەدا ناتوانێت کار بکات و بێدەنگ بێت بەرانبەر چەوساندنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی، هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
وەزیری دارایی و ئابووری جەختی کردەوە، لە مێژووی کارکردنیدا هەرگیز بەرگریی لە هیچ خراپەکارییەک نەکردووە و زۆرترین لێپرسینەوەی یاسایی لە سەردەمی ئەودا ئەنجامدراون، هەروەها دڵنیایی دا کە بێباکن لە هەر لێکۆڵینەوە و دادگایییەکی بێلایەن و دادپەروەرانە بۆ ڕوونکردنەوەی سەرجەم ڕاستییەکان بۆ فای گشتی.