گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیاتر لە 30 هەزار بیانی دەرکراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی بوونی بیانییەکان و پتەوترکردنی سەقامگیریی وڵات، رێوشوێنە یاسایی و رێکخراوەییەکانی بۆ بنەبڕکردنی پێشێلکارییەکانی مەرجی نیشتەجێبوون چڕتر کردووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، محەمەد عەلی حەسوون رایگەیاند، وەزارەت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نیشتەجێبوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، رێوشوێنە یاساییەکانی بەرامبەر سەرپێچیکاران توندتر کردووەتەوە. ئامانج لەم هەنگاوانە، دڵنیابوونەوەیە لە پابەندبوونی بیانییەکان بە یاسا کارپێکراوەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی.

محەمەد حەسوون جەختی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەپێی یاسا و رێنماییەکان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی بەدواداچوون و وردبینی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵگە.

سەبارەت بە ئامارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا ئەمڕۆ دەرکراون، گەیشتووەتە 32,457 سەرپێچیکار.

بەگوێرەی ئامارەکان، 20,114 سەرپێچیکار لە بەغدا و 12,343 سەرپێچیکار لە پارێزگاکانی تری عێراق دەرکراون. 

محەمەد حەسوون ئەوەی خستە روو، ئەو ئامارانە قەبارەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەت لە چاودێریکردنی دۆسیەی نیشتەجێبوون نیشان دەدەن. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، وەزارەت پلانی چاودێری و رێکخراوەیی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و سەقامگیری سەرانسەری وڵات بەردەوام پێش دەخات.