1700 فەرمانبەری گوێڕ و سفەییە زەوییان وەرگرت
تیروپشکی بۆ دابەشکردنی 1700 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و جووتیارانی سنووری گوێڕ و سفەییە کرا، وەزیری شارەوانیش رایدەگەیەنێت، تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر دابەش کراون و وردبینی بۆ 50 هەزار ناوی دیکەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، مەریوان عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و چەندین بەرپرسی دیکە، تیروپشک بۆ پێدانی 1700 پارچە زەوی لە سنووری هەردوو شارەوانیی گوێڕ و سفەییە کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، تیشکیان خستە سەر گرنگیی بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختیان لەسەر بەردەوامیی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی راژەی شارستانی و سەربازیدا کردەوە.
ساسان عەونی لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند، لەم قۆناخەی دابەشکردنی زەویدا زیاتر لە 1700 پارچە زەوی لە سنووری گوێر و سفەییە بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکاندا دابەش کران، لەو ژمارەیەش 1240 پارچە زەوییان بۆ فەرمانبەران و ئەوانی دیکەش بۆ جووتیاران و خاوەن مافەکان تەرخان کراون.
وەزیری شارەوانی باسی لەوە کرد، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران وەک پاداشتێکە بۆ فەرمانبەران و پڕۆسەکەش زۆر بە باشی بەڕێوەچووە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە زۆربەی شوێنەکاندا پڕۆسەکە 50%ـی تێپەڕاندووە و ئەوەی ماوەتەوە خەریکە تەواو دەبێت.
سەبارەت بە ئاماری گشتیی پڕۆسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ساسان عەونی ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی لە سنووری 15 شارەوانیدا دابەش کراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 32 هەزاریان بۆ فەرمانبەران و ئەوانی دیکەش بۆ جووتیاران و خاوەن مافەکان بووە. روونیشی کردەوە، لە ئێستادا 50 هەزار ناوی دیکە لە 37 شارەوانیدا لەژێر وردبینیکردندان و کارەکانیان خەریکە دەگاتە قۆناخی کۆتایی.
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری شارەوانی جەختی کردەوە، نەخشە و شێوازی دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی نوێترین رێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دانراون و ئەوەش لە داهاتوودا سوودێکی زۆری دەبێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دابەش بکرێت. بەپێی رێنماییەکان، هەر فەرمانبەرێکی راژەی شارستانی یان سەربازی و خانەنشینان، ئەگەر پێشتر لە وەرگرتنی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێت، پارچە زەوییەکی 200 مەتری پێ دەدرێت.
لە دوای دەرکردنی بڕیارەکەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە چەندین قۆناخ تیروپشکی بۆ دابەشکردنی دەیان هەزار پارچە زەوی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.