1700 فەرمانبەری دیکە زەوییان وەرگرت
تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر 1700 فەرمانبەر لە سنووری شارەوانییەکانی گوێر و سفەییە کرا و پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی زەوییەکان دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر؛ رێوڕەسمی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی گوێر و سفەییە بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆشحاڵن ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەتایبەتی بۆ شارەوانییەکانی گوێر و سفەییە بەڕێوەدەچێت، تیایدا 1700 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی، لە هەفتەی داهاتووەوە قۆناخی بەدیجیتاڵکردن و وردبینیی زەوییەکان دەست پێدەکات، بە جۆرێک فەرمانبەر دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە بزانێت زەوییەکەی دەکەوێتە چ قۆناخ و شوێنێکەوە.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سوپاسی تیمەکان و فەرمانبەرانی کرد کە شەونخوونیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. هاوکات
پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، رێوڕەسمی تیروپشکەکە بۆ ئەو دوو جار جێگەی دڵخۆشییە، یەکەمیان، فەرمانبەران زەوی وەردەگرن و دووەمیشیان، ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان.
لە 27ـی ئاداری 2024ـەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دابەش بکرێت. بەپێی رێنماییەکان، هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێت، پارچە زەوییەکی 200 مەتری پێ دەدرێت.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە چەندین قۆناخ تیروپشکی بۆ دابەشکردنی هەزاران پارچە زەوی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.