لاڤرۆڤ: پێویستە ئێران و ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ دانوستان
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە تاران، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا جەختیان لە پتەویی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوانیان کردەوە و رایانگەیاند، قەیرانەکانی ناوچەکە چارەسەری سەربازییان نییە. عەباس عێراقچی هێرشی توندی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە بەرامبەریشدا سێرگی لاڤرۆڤ داوای گەڕانەوەی ئاسایشی بۆ گەرووی هورمز کرد و ئامادەیی مۆسکۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران دەربڕی.
یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی پێشوازیکردن لە سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی لە تاران رایگەیاند؛ دانوستانەکانیان زۆر بەرهەمدار بوون و گوتی: پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ ستراتیژین و دوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی گشتگیری هاوبەشیی ستراتیژی لە نێوان هەردوو سەرۆکدا، پەیوەندییەکان رەهەندێکی گرنگتر و قووڵتریان وەرگرتووە. هیچ لەمپەرێکی سەرەکیش لەبەردەم پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئابووری، بازرگانی، سیاسی و کولتووریدا نییە.
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری رێککەوتننامە ستراتیژی و وەبەرهێنانەکان لەگەڵ ئێران نابێت و گوتی: سەرەڕای هەلومەرجی سەختی نێودەوڵەتی، پابەندی رێککەوتنەکانین. لە کەرتی ئەتۆمیشدا، تیم و کارمەندە تەکنیکییە رووسییەکان قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێنەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵی پار بە رێژەی 21% و لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا زیاتر لە 10% گەشەی کردووە، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا دەرفەتی گەورەی بۆ بازرگانی و وزە رەخساندووە.
هەردوو وەزیر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ناکۆکی و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن و دەبێت دیپلۆماسی و دیالۆگ ببنە بنەمای لێکتێگەیشتنەکان.
سەبارەت بە گرژییەکانی دەریاوانی لە کەنداو، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: زۆر گرنگە بارودۆخی گەرووی هورمز و ناوچەکە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و ئاسایشی تەواو بۆ کەشتیوانی دابین بکرێت." لاڤرۆڤ جەختیشی کردەوە کە مۆسکۆ ئامادەیە رێگەچارەیەکی گونجاو و قبووڵکراو بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە درێژخایەنەی لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە.
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆکاری ئاڵۆزییە دەریاییەکانی گەڕاندەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: نائارامییەکانی گەرووی هورمز دەرئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و گەمارۆی ئابوورییە بۆ سەر ئێران. عێراقچی هەروەها نیگەرانیی توندی تارانی دەربڕی لەبارەی نائارامییەکانی دەریای قەزوین و هێرشکردنە سەر کەشتییە ئێرانی و رووسییەکان لەو دەریایەدا.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، عەباس عێراقچی سەرنجی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دوای پەرەسەندنە سەربازییەکان و گوتی: "جەنگی ئەم دواییە بە وڵاتانی ناوچەکەی سەلماند کە بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هیچ هاوکارییەکی ئاسایشی ئەوانی نەکرد، بەڵکوو بوونە هۆی تێکدانی سەقامگیری. ئەو بنکانە نەک نەیانتوانی پارێزگاری لە وڵاتانی میواندار بکەن، بەڵکوو تەنانەت بەرگرییان لە خۆشیان پێ نەکرا و گورزی قورسیان بەرکەوت."
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازیی وڵاتەکەی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئەمنیی دەستەجەمعی لەلایەن خودی دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەبێ دەستوەردان و بوونی هێزی بیانی دووپات کردەوە.
عێراقچی هەروەها وڵاتانی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی کە شەریکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن بۆ سەر ئێران و بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەوروپییەکانەوە شەڕی ئۆکرایناش درێژەی کێشاوە، داواشی لێکردن پەنا بۆ لۆژیک و دیپلۆماسی ببەن.
لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو دیپلۆماتکاری باڵا پرسی شەڕی غەززە و پەرەسەندنەکانی لوبنان و یەمەنیان تاوتوێ کرد. لاڤرۆڤ داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی فەلەستینییەکان و جەختی لە چەسپاندنی سەقامگیری لە لوبنان کردەوە.
سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیاش، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان تەنیا ژێرخانە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج و حکوومەتی کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە هەوڵەکانی دانوستان و گفتوگۆدا جددی نین. لە کۆتاییشدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی دادپەروەر و فرەجەمسەر لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە.