کرێملن: ئەگەری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان پووتین، ترەمپ و شی جینپینگ هەیە

کۆشکی کرملین رایگەیاند؛ ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا-ئارام (ئەیپێک-APEC) لە چین، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەڕێوە بچێت بۆ تاوتوێکردنی رێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.

یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە باسی لەوە کردبوو پووتین پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەی کردووە، گوتی: لەبەر رۆشنایی ئەگەری بەشداریکردنی هەر سێ سەرۆک لە لووتکەی چین، بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە خراوەتەڕوو و قسەی لەسەر کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیاز یان رێککەوتنێکی کۆنکرێتی و دیاریکراو لەبارەی خودی کۆبوونەوەکە و ئەجێنداکەیەوە نەکراوە

لە بەرامبەردا، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بە توندی رەخنەی لە بیرۆکەی سازکردنی ئەو لووتکە سێقۆڵییە گرت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: سازکردنی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان سەرکردەکانی ئۆکرانیا، ئەمەریکا و رووسیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زووتر کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام کۆبوونەوەی سێقۆڵیی سەرکردەکانی رووسیا، چین و ئەمەریکا بەبێ کیێڤ دەرئەنجامێکی پێچەوانەی دەبێت و هاندەر دەبێت بۆ پوتین تاوەکوو درێژە بە شەڕەکە بدات.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی کیێڤ، گوتەبێژی کرملین لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە رۆژانەکەیدا باسی لەوە کرد کە ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و مۆسکۆش پێزانینی بۆ ئەو هەوڵانە هەیە.

پێسکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە بێگومان دەبێت ئۆکرانیا بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتیی کۆتایی و گوتی: "هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی بەبێ بەشداریی لایەنێک لە کیێڤ کە ئامادە بێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت، بەدی نایەت."

دواین گفتوگۆی ئاشتی بە نێوەندگیریی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی رابردوودا بەڕێوە چوو، بەڵام تائێستاش رووسیا و ئۆکراینا لەسەر مەرج و بنەماکانی رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی ناڕەبان و جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان دیدگاکانیاندا هەیە.