وەزارەتی کارەبا: ئێستا 70%ـی هاوبەشانی کارەبا هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نەماوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ لە رێگەی هەڵمەتی ناوازەی داشکاندنەوە، لێخۆشبوون بۆ زیاتر لە 403 ملیار دیناری قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی کراوە و ئێستا زیاتر لە 70%ی هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نەماوە.
یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پڕۆژەی رووناکی و وەزارەتی کارەبا، ئەو هاوبەشانەشی کە هێشتا قەرزی پێش پڕۆژەکەیان لەسەر ماوەتەوە، قەرزەکانیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک پێشتر راگەیەندرابوو، دەکرێتە قیستی درێژخایەن بۆ ئەوەی باری داراییان لەسەر سووک بکرێت.
لە میانی ئەو هەڵمەتەدا کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لەسەر درابوو، نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەش سوودمەند بوون:
| مانگ | هاوبەش سوودمەند بوون | بڕی لێخۆشبوون | بڕی کۆکراوە |
| مانگی ئاب | 409 هەزار و 486 | 140 ملیار و 910 ملیۆن دینار | 163 ملیار و 640 ملیۆن دیناری |
| مانگی ئەیلوول | 371 هەزار و 373 | 169 ملیار و 950 ملیۆن دینار | 216 ملیار و 790 ملیۆن دینار |
| مانگی تشرینی یەکەم | 170 هەزار و 239 | 92 ملیار و 270 ملیۆن دینار | 120 ملیار و 180 ملیۆن دینار |
| کۆی گشتی | 951 هەزار و 98 هاوبەش | 403 ملیار و 130 ملیۆن دینار | 500 ملیار و 610 ملیۆن دینار |
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوی داهاتی کۆکراوە لەگەڵ داهاتی پڕۆژەی رووناکی، بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانی سێکتەری کارەبا بەکارهێنراون، کە ئێستا خەرجییەکەی مانگانە زیاتر لە 350 ملیار دینارە.
هەڵمەتی داشکاندنی 50%ی قەرزی کارەبا
ئەم داشکاندنە ناوازەیە کە رێژەکەی دەگەیشتە تا 50% لەسەر قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی، بە بڕیاری کۆدەنگی ئەنجوومەنی وەزیران بوو بە مەبەستی کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییان. قۆناخی یەکەمی لە 3ـی ئاب تاوەکوو 10ـی ئەیلوول بەردەوام بوو، دواتریش لە 24ی ئەیلوولەوە تا 18ی تشرینی یەکەم نوێکرایەوە تاوەکوو دەرفەت بە هاووڵاتییان بدرێت سوود لە داشکاندنەکە ببینن یان قەرزەکەیان بە قیست بدەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تاوەکوو ئەمڕۆ زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.
بەگوێرەی سیستەمی نوێی نرخەکان، 80%ـی هاووڵاتییان بەتایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، بەردەوام پارەیەکی زۆر کەمتر لە جاران دەدەن بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کرێی کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
پڕۆژەی رووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و دواتریش لە ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی پەسەند کرد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026.