روبیۆ: کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە پێشینەی کارەکانی ترەمپە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت کە کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە پێشینەی کارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە و واشنتن بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای هەموو دەرفەتێکدا تاوەکوو ئاسانکاری بۆ کۆتاییپێهێنانی ئەو شەڕە بکات.

دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئۆزبەکستان لە شاری تاشکەند بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا ئەمەریکا چەندین جار هەوڵی داوە یارمەتیدەر بێت لە ڕاگرتنی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپیش بە تەواوی ئامادەیە هەر هەنگاوێک بگرێتە بەر کە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ململانێکان، سەرەڕای ئەوەی بەرەوپێشچوونەکان تاوەکوو ئێستا لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵپەساردنی ئەم دواییەی بەشێک لە سزاکانی سەر مۆسکۆ، روونی کردەوە کە ئەو بڕیارە بە مەبەستی تاقیکردنەوە بووە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا گفتوگۆ بەردەوامەکان لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆ ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت و دەتوانن رێگری لە ساڵێکی دیکەی وێرانکاریی شەڕەکە بگرن یان نا.

روبیۆ جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینای بە ئاڵۆز و سەخت وەسف کرد، بەجۆرێک کە هیچ لایەنێکیان ناتوانێت سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت لە کاتێکدا هەردوولا زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە، هەربۆیە دیپلۆماسی پێویستی بە پشوودرێژی و هەوڵی بەردەوام هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە: لە کۆتاییدا پێوەر ئەوە دەبێت کە ئایا رێککەوتنێک دەکرێت یان نا، هەروەها ئایا هەردوو لایەن ئامادەن لەپێناو کۆتاییهێنان بەم جەنگە سازش بکەن و نەرمی بنوێنن

لە تەوەرێکی دیکەدا، مارکۆ روبیۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای رەتکردەوە کە گوتبووی واشنتن بۆ ماوەیەکی کاتی هاوبەشکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ کیێڤ راگرتووە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییە دوورە لە راستییەوە.