تونجەر باکرهان: پرسی ئاشتی تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پرسی ئاشتی نابێت بکرێتە کەرەستەی ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بابەتێکی هاوبەشە و بۆ تەواوی تورکیا و داهاتووی دیموکراسیی وڵاتەکە گرنگە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد: بایەخی هەر یاسایەک کاتێک دەردەکەوێت کە جێبەجێ دەکرێت، بۆ جێبەجێکردنیشی، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگە و پەرلەمان پێویستە سەرۆکی پەرلەمانیش بە زووترین کات بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و بۆ جێبەجێکردنی یاساکە هەنگاو بنێت.
تونجەر باکرهان لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان گوتی: دەبوو دەستەی چاودێری لەناو پەرلەماندا دابمەزرێنرێت، بەڵام تا ئێستا پێک نەهێنراوە، پێویستە بەزووترین کات و بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەو دەستەیە دابمەزرێت.
سەبارەت بە پرسی پرۆسەی ئاشتی، باکرهان جەختی کردەوە: نابێت ئاشتی ببێتە بابەتێکی مشتومڕ و ململانێ لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا ئاشتی بۆ تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا گرنگە هێنانەکایەی ئاشتیی ناوخۆیی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی زۆر پێویستن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: ئەمە پرسی کێبڕکێ نییە، بەڵکو بابەتێکی هاوبەش و چارەنووسسازە، دەبێت هەموو لایەنەکان بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. یاساکە تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاشتی و دیموکراسیی تەواوی تورکیاوە هەیە.