دەقی تەواوی پەیماننامەی هاوبەشیی گشتگیری ستراتیژی لە نێوان ئێران و رووسیا
سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی فیدراسیۆنی رووسیا بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، وێستگەیەکی نوێ و دەگمەنی لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تۆمار کرد. ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنی فەرمیی پەیماننامەی هاوبەشیی گشتگیری ستراتیژی لە نێوان تاران و مۆسکۆدا، کە بۆ ماوەی 20 ساڵ داڕێژراوە و نەخشەڕێگەی هاوپەیمانییەکی هەمەلایەنە لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی، ئابووری و دیپلۆماسیدا دیاری دەکات.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیاندا، هەردوو وەزیر بە توندی رووبەڕووی سیاسەتەکانی رۆژئاوا بوونەوە و چەندین پەیامی ئاشکرا و پڕ لە هۆشدارییان ئاراستەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی کرد.
سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکان لەلایەن ئێرانەوە "مافێکی ڕەوایە" و وڵاتەکەی وەک چۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان رێگری لە پاساودانی هێرشەکان کردووە، هاوکاریی مرۆیی و دەرمانیشی بۆ ئێران ناردووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی کردەوە و رایگەیاند مۆسکۆ ئامادەیە هاوکار بێت بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نێوان واشنتن و تاران.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی نائارامییەکانی گەرووی هورمزی بە دەرئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیل وەسف کرد. عێراقچی گوتیشی: جەنگی ئەم دواییە سەلماندی کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا نەک نەیانتوانی پارێزگاری لە وڵاتانی میواندار بکەن، بەڵکوو بەرگرییان لە خۆشیان پێ نەکرا و گورزی قورسیان بەرکەوت.
لاڤرۆڤ دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان، مۆسکۆ دەستبەرداری رێککەوتنە ئابووری و ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران نابێت و پسپۆڕانی رووسی قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێنەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر.
دەقی تەواوی پەیماننامەی هاوبەشیی گشتگیری ستراتیجی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و فیدراسیۆنی رووسیا
ئەم پەیماننامەیە کە لە 47 ماددە پێکهاتووە، بناخەی یاسایی و ستراتیجیی پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ لە هەموو کایەکاندا دادەڕێژێت؛ پەیماننامەکە لە 17ی کانوونی دووەمی 2025 لە مۆسکۆ لەلایەن مەسعود پزیشکیان و ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیاوە واژۆ کرا.
ماددەی 1
لایەنەکانی پەیمانبەست هەوڵ دەدەن بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارە جێی بایەخەکانی هەردوولادا، بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا، و هەماهەنگیی نزیکی چالاکییەکان لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، بە جۆرێک کە لەگەڵ هاوبەشیی گشتگیر، درێژخایەن و ستراتیجیدا بێتەوە.
ماددەی 2
لایەنەکانی پەیمانبەست سیاسەتێکی دەوڵەتی لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە لە بەرژەوەندییە نیشتمانی و ئەمنییەکان، بنەماکانی فرەلایەنی، چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، رەتکردنەوەی دۆخی تاکجەمسەری و باڵادەستیخوازی لە کاروباری جیهانیدا، و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی لایەنی سێیەم لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی لایەنەکانی پەیمانبەست پەیڕەو دەکەن.
ماددەی 3
1. لایەنەکانی پەیمانبەست پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای یەکسانیی سەروەری، یەکپارچەیی خاک، سەربەخۆیی، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر، رێزگرتن لە سەروەری، هاوکاری و متمانەی دوولایەنە پتەو دەکەن.
2. لایەنەکان هەنگاو دەنێن بۆ برەودانی هاوبەش بە بنەماکانی سەرەوە لە ئاستە جیاوازەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی، هەرێمی و جیهانیدا، و پابەندی ئەو سیاسەتانە دەبن و بەرەوپێشیان دەبەن.
3. لە ئەگەری ئەوەی هەر یەکێک لە لایەنەکان رووبەڕووی دەستدرێژی ببێتەوە، لایەنەکەی دیکە هیچ هاوکارییەکی سەربازی یان هاوکارییەکی دیکە پێشکەش بە دەستدرێژیکار ناکات کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکە، و هاوکار دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئەوەی کە ناکۆکییە دروستبووەکان بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێن.
4. لایەنەکانی پەیمانبەست رێگە نادەن خاکیان بۆ پشتگیریکردن لە جووڵانەوە جوداخوازەکان و هەر هەنگاوێکی دیکە کە هەڕەشە لە سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی لایەنەکەی دیکە بکات، یان بۆ پشتگیریکردن لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی یەکتر بەکاربهێنرێت.
ماددەی 4
1. بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون دەکەن و ئاستی هاوکارییەکانیان بەرز دەکەنەوە.
2. دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی لایەنەکان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی جیاوازدا هاوکاری دەکەن.
ماددەی 5
1. بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی سەربازی لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیاندا، لایەنەکان لە چوارچێوەی گرووپی کاری هاوکارییە سەربازییەکاندا رێککەوتنی پێویست ئامادە و جێبەجێ دەکەن.
2. هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوولا بوارێکی فراوان دەگرێتەوە، لەوانە: ئاڵوگۆڕی شاندی سەربازی و پسپۆڕی، سەردانی بەندەرەکان لەلایەن کەشتی و فڕۆکە و کەشتیگەلە سەربازییەکانەوە، مەشقپێکردنی کارمەندانی سەربازی، ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی ئەفسەری و مامۆستایان، بەشداریکردن لە پێشانگە نێودەوڵەتییە بەرگرییەکان، بەڕێوەبردنی پێشبڕکێی هاوبەشی وەرزشی و رووداوە کولتوورییەکان، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی فریاگوزاریی دەریایی، و بەرەنگاربوونەوەی چەتەیی دەریایی و دزیی چەکداری لە دەریادا.
3. بە رەزامەندیی هەردوولا و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لایەنەکان لە ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەشی سەربازی لە خاکی یەکتر و لە دەرەوەی خاکەکانیشیاندا هەماهەنگیی نزیک دەکەن.
4. لایەنەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سەربازی و ئەمنییە هاوبەشە دووقۆڵی و هەرێمییەکاندا راوێژ و هاوکاری دەکەن.
ماددەی 6
1. لە چوارچێوەی هاوبەشیی گشتگیر، درێژخایەن و ستراتیجیدا، لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری سەربازی-تەکنیکیدا لەسەر بنەمای رێککەوتننامە پەیوەندیدارەکان دووپات دەکەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان، و ئەم هاوکارییەش بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی و جیهانی دادەنێن.
2. بە مەبەستی دەستەبەرکردنی هەماهەنگیی گونجاو و گەشەپێدانی زیاتری هاوکارییە سەربازی-تەکنیکییەکان، ساڵانە کۆبوونەوەی دەستە کارییە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێت.
ماددەی 7
1. لایەنەکان لەسەر ئاستی دووقۆڵی و فرەلایەن، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و ئاستەنگ و هەڕەشەکانی دیکەدا هاوکاری دەکەن، بەتایبەتی: توندڕەوی، تاوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بارمتەگرتن، کۆچی نایاسایی، جووڵەی دارایی نایاسایی، شۆردنەوەی پارە، دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ، قاچاخچێتیی کەلوپەل، دراو، سامانی مێژوویی و کولتووری، چەک، ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستە دەروونوورێنەکان، و هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئۆپەراسیۆنی و ئەزموون لە بواری پاسەوانیی سنووردا.
2. لایەنەکان هەڵوێستەکانیان لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا هەماهەنگ دەکەن و لە چوارچێوەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)دا هاوکاریی هاوبەش دەکەن.
3. هەردوولا پشتگیری لە پاراستنی نەزمی گشتی، پاراستنی ئاسایشی گشتی، پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی دەوڵەت و کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر گواستنەوەی چەکدا دەکەن.
4. جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت کە هەردوولا ئەندامن تێیدا.
ماددەی 8
1. لایەنەکان پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی هاووڵاتیانی خۆیان لە خاکی یەکتردا دەکەن.
2. هەردوولا هاوکاری لە هەموو بوارە یاساییەکاندا فراوان دەکەن، بەتایبەت لە بواری پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی لە کەیسە مەدەنی و سزاییەکاندا، رادەستکردنەوە و گواستنەوەی سزادراوان، و جێبەجێکردنی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو سامانانەی لە رێگەی تاوانەوە بەدەستهاتوون.
ماددەی 9
1. بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە پسپۆڕەکانی، لایەنەکان سەبارەت بە پرسە جیهانی و هەرێمییەکان کە کاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی هاوبەشیان هەیە، راوێژ و هاوکاری دەکەن.
2. لایەنەکان سەبارەت بە ئەندامێتیی هەر یەکێکیان لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییە پەیوەندیدارەکاندا لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوشێوە هاوکاری و پشتیوانی لە یەکتر دەکەن.
ماددەی 10
لایەنەکانی پەیمانبەست لە بواری کۆنترۆڵکردنی چەک، چەکداماڵین، پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەک، و پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هاوکاریی نزیک دەکەن و راوێژی بەردەوامیان دەبێت.
ماددەی 11
1. لایەنەکان لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکوومەت لەبارەی هاوکاری لە بواری ئاسایشی زانیاری (26ی کانوونی دووەمی 2021)، لەسەر هاوکاریی سیاسی و پراکتیکی لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتیی زانیاریدا کار دەکەن.
2. هەردوولا یارمەتیدەر دەبن لە دروستکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی ئاسایشی زانیاری و رژێمێکی یاسایی پابەندکەر لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ رێگری لە ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای یەکسانیی سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
3. لە چوارچێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، هاوکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بۆ مەبەستی تاوانکاری فراوان دەکەن و سەروەریی نیشتمانی لە فەزای زانیاریی نێودەوڵەتیدا بەهێز دەکەن.
4. لایەنەکان پشتیوانی لە بەنێودەوڵەتیکردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی ئینتەرنێت و مافی یەکسانی دەوڵەتان لە بەڕێوەبردنیدا دەکەن، و هەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی مافی سەروەری لە رێکخستنی بەشە نیشتمانییەکانی ئینتەرنێتدا رەتدەکەنەوە.
5. پشتیوانی لە بەهێزکردنی سەروەری لە فەزای دیجیتاڵیدا دەکەن لە رێگەی یاساکردنی چالاکیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بەڕێوەبردنی ژێرخانی تەکنەلۆژیادا.
ماددەی 12
لایەنەکان ئاسانکاری بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی خەزەر (قەزوین)، ئاسیای ناوەڕاست، باشووری قەوقاز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، و بۆ پێشگرتن لە دەستوەردان و بوونی ناسەقامگیرکەرانەی دەوڵەتانی سێیەم لەو ناوچانەدا هاوکاری دەکەن.
ماددەی 13
1. لایەنەکان بۆ پاراستنی دەریای خەزەر وەک ناوچەی ئاشتی و دۆستایەتی لەسەر بنەمای نەبوونی هێزی سەربازیی وڵاتانی غەیرە کەناراو لە دەریای خەزەردا، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا هاوکاری دەکەن.
2. لایەنەکان بۆ کەڵکوەرگرتن لە سەرجەم توانستە ئابوورییەکانی دەریای خەزەر هەوڵ دەدەن.
3. هەردوولا پابەندی پەیماننامە کارپێکراوە پێنجقۆڵییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان دەوڵەتانی کەناراوی دەریای خەزەر دەبن و دەسەڵاتی تایبەتی ئەم دەوڵەتانە لە یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی خەزەردا دووپات دەکەنەوە.
4. لایەنەکان لە بواری پاراستنی ژینگە، هەمەچەشنیی بایۆلۆجی، سەرچاوە ئاوییەکان و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی دەریای خەزەردا هاوکاری دەکەن.
ماددەی 14
لایەنەکان هاوکارییەکان لە چوارچێوەی رێکخراوە هەرێمییەکاندا قووڵتر دەکەنەوە؛ لەوانە لە رێکخراوی هاوکاریی شانگهای و ئاسانکاری بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا.
ماددەی 15
لایەنەکانی پەیمانبەست هاوکاریی نێوان دامەزراوە یاسادانانەکانیان (پەرلەمانەکانیان)، لەوانە ئەنجوومەنی شۆرای ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی فیدراڵی و دۆمای دەوڵەتیی فیدراسیۆنی رووسیا بەهێز دەکەن.
ماددەی 16
1. هەردوولا هاوکاریی نێوان پارێزگاکان پەرە پێ دەدەن بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی تایبەتی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان.
2. لایەنەکان هەلومەرجی لەبار بۆ پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان پارێزگاکانی ئێران و رووسیا لە رێگەی گەشتی بازرگانی، پێشانگە و چالاکیی هاوبەش دەڕەخسێنن.
ماددەی 17
لایەنەکان پشتیوانی لە هاوکاریی بازرگانی و ئابووری لە سەرجەم بوارەکاندا دەکەن لە چوارچێوەی کۆمیسیۆنی هەمیشەیی هاوکارییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و رووسیا.
ماددەی 18
1. هەردوولا کار بۆ گەشەپێدانی هاوکاریی بازرگانی، ئابووری و پیشەسازی، دروستکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش، دابینکردنی دارایی ژێرخانەکان، ئاسانکاریی بازرگانی و هاوکاریی بانکی دەکەن.
2. لایەنەکان دەتوانن لە ئابووریی دەوڵەتانی سێیەمدا پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش ئەنجام بدەن.
ماددەی 19
1. لایەنەکانی پەیمانبەست رووبەڕووی سەپاندنی رێکارە زۆرەملێیە تاکلایەنەکان (سزاکان) دەبنەوە، بەتایبەت ئەوانەی رەهەندی دەرەکییان هەیە، و سەپاندنیان وەک کردەوەیەکی نادۆستانە و پێشێلکاریی نێودەوڵەتی لەقەڵەم دەدەن.
2. لایەنەکان گرەنتی دەدەن کە هیچ جۆرە رێکارێکی زۆرەملێی تاکلایەنە دژی یەکتر، کەسایەتییە حەقیقی و مەعنەوییەکانیان، سامان، کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی یەکتر پێڕەو نەکەن.
3. ئەگەر رێکاری زۆرەملێ لەلایەن لایەنی سێیەمەوە دژی یەکێکیان گیرایە بەر، لایەنەکەی دیکە لە پەیوەستبوون بەو سزایانە یان پشتگیریکردنیان خۆی بەدوور دەگرێت.
4. لە ئەگەری سەپاندنی سزای تاکلایەنە لەلایەن دەوڵەتانی سێیەمەوە، هەردوو وڵات هەوڵی پراکتیکی دەدەن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو سزایانە لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان.
ماددەی 20
1. بە مەبەستی زیادکردنی قەبارەی بازرگانی، لایەنەکان زەمینەی گەشەپێدانی هاوکاریی نێوان دامەزراوە داراییەکانیان، دابینکردنی دارایی بازرگانی، و فراوانکردنی وەبەرهێنانی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت فەراهەم دەکەن.
2. هەردوولا کار بۆ دروستکردنی ژێرخانی نوێی پارەدان دەکەن کە سەربەخۆ بێت لە دەوڵەتانی سێیەم، هەروەها پەنابردن بۆ بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا و بەهێزکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان بانکەکان.
3. لایەنەکان هاوکارییەکانیان لە ناوچە ئابوورییە ئازادەکاندا پەرە پێ دەدەن.
4. ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەش لە ناوچە پیشەسازییەکاندا دەکەن.
5. هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی سوودبەخش لە پیشەسازیی دەرهێنان و پرۆسێسکردنی زێڕ، ئەڵماس و زێڕینگەریدا دەردەبڕن.
ماددەی 21
1. بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانیان، پشتیوانی لە هاوکاریی نزیک لە کەرتی گواستنەوەدا دەکەن.
2. لایەنەکان هەلومەرجی لەبار بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و هاتووچۆی گەشتیاران بە هەموو شێوازەکانی گواستنەوە فەراهەم دەکەن.
3. هاوکاری لە بواری گواستنەوەی وشکانی، شەمەندەفەر، ئاسمانی، دەریایی و تێکەڵاو فراوان دەکەن.
4. هەردوولا بە شێوەیەکی چالاکانە لە پەرەپێدانی کریدۆرە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە کە بە خاکی هەردوو وڵاتدا تێپەڕ دەبن کار دەکەن، بەتایبەتی "کریدۆری نێودەوڵەتیی گواستنەوەی باکوور - باشوور".
5. لایەنەکان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە سیستەمی گواستنەوەی دیجیتاڵیدا بەکاردەهێنن.
6. هەماهەنگی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری گواستنەوەدا ئەنجام دەدەن.
ماددەی 22
1. لایەنەکان هاوکاری لە کەرتی نەوت و گازدا لەسەر بنەمای یەکسانی و سوودی هاوبەش فراوان دەکەن و ئاسایشی وزەی خۆیان بەهێز دەکەن.
2. هاوکاریی دوولایەنە لە بواری وزەدا ئەم پرسانە دەگرێتەوە:
* هاوکاریی زانستی و تەکنیکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە دەرهێنان، پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت و گازدا.
* هاوکاریکردنی کۆمپانیاکانی هەردوولا بۆ ئاڵوگۆڕی وزە و ئۆپەراسیۆنی سووپ (Swap).
* هاندانی وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە خاکی هەردوو وڵاتدا.
* هاندانی پڕۆژە ژێرخانییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزەی جیهانی و هەرێمی.
* دەستەبەرکردنی دەستگەیشتنی بێ جیاوازی بۆ بازاڕەکانی وزە.
* جێبەجێکردنی سیاسەتێکی هەماهەنگ لە چوارچێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز (GECF) و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس (+OPEC).
3. ئاستی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری وزە نوێبووەوەکاندا بەرز دەکەنەوە.
ماددەی 23
لایەنەکان کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە درێژخایەنەکان دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لە بواری بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم، لەوانەش دروستکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان.
ماددەی 24
1. هاوکاری لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ماسیگری، ڤێتێرنەری، پاراستنی رووەک و بەرهەمهێنانی تۆو پەرە پێ دەدەن تاوەکوو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەروبوومی کشتوکاڵی زیاد بکات.
2. لایەنەکان رێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی تەندروستیی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان بەپێی ستانداردەکان.
ماددەی 25
لایەنەکان هاوکاریی گومرگی دەکەن لەوانە: جێبەجێکردنی پڕۆژەی کریدۆری ئاسانکاری گومرگی، دانپێدانانی هاوبەش بە کارمەند و کۆمپانیا ئابوورییە رێگەپێدراوەکان، و ئاڵوگۆڕی زانیاریی کارگێڕیی گومرگی.
ماددەی 26
بەمەبەستی هاندانی کێبڕکێی دادپەروەرانە لە بازاڕە نیشتمانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵک، هاوکاری لە بواری سیاسەتی دژە قۆرخکاری فراوان دەکەن.
ماددەی 27
هەردوولا لە بوارەکانی دانپێدانانی هاوبەش بە ستانداردەکان، ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و بڕوانامەکانی گونجان، ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری پێوانەکاری و راهێنانی پسپۆڕاندا هاوکاری دەکەن.
ماددەی 28
لایەنەکان لە کەرتەکانی چاودێریی تەندروستی، زانست و پەروەردەی پزیشکیدا لەم بوارانەدا هاوکاری دەکەن:
1) رێکخستنی سیستەمی تەندروستیی دەوڵەت.
2) خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییە گوازراوە و نەگوازراوەکان.
3) پاراستنی تەندروستیی دایک و منداڵ.
4) رێکخستنی یاسایی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان.
5) هاندانی شێوازی ژیانی تەندروست.
6) توێژینەوەی پزیشکی.
7) بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لە کەرتی تەندروستیدا.
8) راهێنانی پیشەیی پسپۆڕانی پزیشکی.
9) بوارەکانی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا.
ماددەی 29
1. لایەنەکان هاوکاری بۆ دەستەبەرکردنی تەندروستیی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان بەهێز دەکەن.
2. هەماهەنگی لە بواری سەلامەتیی خۆراک بەهێز دەکەن.
3. کار بۆ هاوتاکردنی پێوەر و ستانداردەکانی سەلامەتیی خۆراک دەکەن.
ماددەی 30
1. هەردوولا پەیوەندی لە بوارەکانی خوێندنی باڵا، زانست، تەکنەلۆژیا و داهێنان بەهێز دەکەن، پڕۆژەی زانستیی هاوبەش جێبەجێ دەکەن و هانی پەیوەندیی نێوان زانکۆکان دەدەن.
2. لایەنەکان ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی مامۆستایان، توێژەران، خوێندکاران و بڵاوکراوە زانستییەکان دەکەن.
3. ئاسانکاری بۆ رێکخستنی کۆنفرانس و کۆڕبەندی زانستیی هاوبەش دەکەن.
4. لایەنەکان لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای خۆیاندا، پشتگیری لە فێربوونی زمانە فەرمییەکان، مێژوو و کولتووری وڵاتی بەرامبەر دەکەن.
5. هاوکاریی هاووڵاتیانی یەکتر دەکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆکانیاندا.
ماددەی 31
لایەنەکان ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هاوکاری لە بواری گەڕان و بەکارهێنانی بۆشایی ئاسمان بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەهێز دەکەن.
ماددەی 32
هەردوولا پەیوەندیی نێوان میدیاکان، بوارەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، و ناساندنی ئەدەبیاتی فارسی و رووسی لە رێگەی هاندانی پەیوەندیی نێوان گەلانی هەردوو وڵات پتەوتر دەکەن.
ماددەی 33
لایەنەکان هانی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیان دەدەن بۆ هاوکاریی بەرفراوان تاوەکوو پێکەوە رووبەڕووی "هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندەی نەرێنی" دژی ئێران و رووسیا ببنەوە، هەروەها بەرەنگاری بڵاوکردنەوەی زانیاریی ساختە ببنەوە کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان دروست دەکات.
ماددەی 34
1. پەرە بە هاوکاریی کولتووری و هونەری دەدەن لە رێگەی بەڕێوەبردنی رۆژانی کولتووری و پەیوەندیی نێوان ناوەندە هونەرییەکان.
2. هەردوولا ئاسانکاری بۆ شارەزابوونی گەلانیان لە کولتووری یەکتر دەکەن و هانی فێربوونی زمانەکانی فارسی و رووسی دەدەن، لەگەڵ هاندانی پەیوەندیی نێوان نووسەران، هونەرمەندان و مۆسیقاژەنان.
3. لایەنەکان هەلومەرجی لەبار بۆ چالاکیی "ناوەندی کولتووریی ئێران لە مۆسکۆ" و "ناوەندی کولتووریی رووسیا لە تاران" فەراهەم دەکەن.
ماددەی 35
لایەنەکان لە کەرتەکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا پشتیوانی لە پەرەپێدانی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکان دەکەن، و هانی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەدەن.
ماددەی 36
لایەنەکان ئاڵوگۆڕی لاوان لە نێوان هەردوو وڵاتدا هان دەدەن و رێگە خۆش دەکەن بۆ بەستنی کۆنفرانس و دیالۆگی هاوبەش لە نێوان رێکخراوەکانی گەنجاندا.
ماددەی 37
هاوکاری لە بواری وەرزش و پەروەردەی جەستەییدا لە رێگەی ئاڵوگۆڕی راهێنەران و پسپۆڕان و پەیوەندیی نێوان یانە و فیدراسیۆنە وەرزشییەکان پەرە پێ دەدەن.
ماددەی 38
لایەنەکان بۆ پێشگرتن لە روودانی کارەساتی سروشتی و مرۆیی، وەڵامدانەوەیان و کەمکردنەوەی زیانەکانیان، هاوکاریی یەکتر دەکەن و سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان باشتر دەکەن.
ماددەی 39
لە بواری پاراستنی ژینگەدا لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دۆستی ژینگە و بەکارهێنانی ژیرانەی سەرچاوە سروشتییەکان هاوکاری دەکەن.
ماددەی 40
لایەنەکان ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاودا ئاسان دەکەن.
ماددەی 41
لایەنەکانی پەیمانبەست بە مەبەستی جێبەجێکردنی بوارە دیاریکراوەکانی نێو ئەم پەیماننامەیە، لە کاتی پێویستدا دەتوانن رێککەوتننامەی جیاواز واژوو بکەن.
ماددەی 42
لایەنەکان لە دانیشتنە بەردەوامەکانی ئاستی سەرکردایەتی و ئاستە باڵاکاندا، بیروڕا لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ماددەکانی ئەم پەیماننامەیە دەگۆڕنەوە.
ماددەی 43
ئەم پەیماننامەیە هیچ کاریگەرییەک لەسەر ماف و ئەرکەکانی لایەنەکان ناکات کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە سەرچاوەیان گرتووە.
ماددەی 44
هەر ناکۆکییەک لە لێکدانەوە یان جێبەجێکردنی ماددەکانی ئەم پەیماننامەیە لە رێگەی ڕاوێژ و دانوستانی دیپلۆماسیی نێوان لایەنەکانەوە چارەسەر دەکرێت.
ماددەی 45
1. ئەم پەیماننامەیە پێویستی بە پەسەندکردن (تەسدیقکردن) هەیە، و 30 رۆژ دوای بەرواری گەیشتنی دوایین ئاگادارکردنەوەی نووسراو کە تێیدا لایەنەکان تەواوبوونی رێکارە ناوخۆییەکانیان رادەگەیەنن، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2. پەیماننامەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ کاری پێ دەکرێت و دواتریش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە نوێ دەبێتەوە، مەگەر یەکێک لە لایەنەکان لانیکەم 1 ساڵ پێش کۆتاییهاتنی وادەکەی، بە نووسراو نیازپێشینەی خۆی بۆ کۆتاییپێهێنانی ڕابگەیەنێت.
ماددەی 46
کۆتاییهاتنی ئەم پەیماننامەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پڕۆژە، بەرنامە و رێککەوتنە بەردەوامەکان نابێت کە پێش کۆتاییهاتنی پەیماننامەکە دەستیان پێ کردووە، مەگەر هەردوولا بە نووسراو لەسەر شتێکی دیکە رێکبکەون.
ماددەی 47
ئەم پەیماننامەیە بە ڕەزامەندیی نووسراوی هەردوولا دەکرێت دەستکاری یان تەواو بکرێت، و ئەو دەستکارییانەش دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە پەیماننامەکە بەپێی ماددەی 45.