ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بودجە و چەکی گرووپەکان کۆدەبێتەوە
ئەمشەو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگی ئابووری و ئەمنی تاوتوێ دەکرێن کە لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجە و دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبین.
دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی رێکخراوی بەدر بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بە وردی باسی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک و ئاستی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکرێت، هەروەها دۆسیەی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجە و دۆخی دەستەی حەشدی شەعبی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات و راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و هەنگاوەکانی حکوومەت پێشکەش بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند؛ گرووپە چەکدارەکان نیگەرانیی خۆیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا" دەربڕیوە، هەربۆیە پەیامێکیان ئاراستەی لیژنە چوار کەسییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە و داوایان کردووە دەستەواژەکە بگۆڕدرێت بۆ رێکخستنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
پێشتر هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی چوار کەسیی بۆ دانوستان و گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان پێکهێنابوو. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا چەند دیدار و دانیشتنێک ئەنجام دراون، بەڵام تاوەکوو ئێستا تەنیا لەسەر یەک وردەکاری رێککەوتوون، ئەویش بریتییە لە یەکخستن و کۆکردنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لە ژێر چەتری دەستەی فەرمیی حەشدی شەعبیدا.