یەحیا سەریع: هێرشەکانمان بۆ سەر قووڵایی خاکی سعوودیە بەردەوام دەبن

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا بە ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستی، کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەش هێرشی سەربازییان بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی و پێگە سەربازییەکانی سعوودیە ئەنجام داوە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، رایگەیاند، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی هاوپەیمانێتیی سعوودیەیە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووەتە سەر سەنعا و پارێزگاکانی دیکە، بەوەش ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە لە سەرەتای ئەم گرژییانەوە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار و 700 هێرش.

بە گوتەی یەحیا سەریع، هێرشەکان لە شەش ئۆپەراسیۆندا ئەنجامدراون و ئامانجەکانیان بەم شێوەیە بووە:

ئۆپەراسیۆنی یەکەم: لە دوو قۆناخدا کۆمپانیای نەوتیی «ئارامکۆ» لە شاری یەنبەع کراوەتە ئامانج و بە گوتەی ئەو، ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکە کەوتووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی دووەم: بە ئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتیی «شەیبە» بووە و راستەوخۆ پێکراوە.
ئۆپەراسیۆنی سێیەم: لە سێ قۆناخدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی «مەلیک خالید» لە ریازی پایتەختی سعوودیە کراوەتە ئامانج.
ئۆپەراسیۆنی چوارەم: لە سێ قۆناخدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها، بنکەی ئاسمانیی «خەمیس موشەیت» و چەند وێستگەیەکی راداری لە شاخەکانی «حسەن» و «ڕەحمە» کراونەتە ئامانج، کە بە گوتەی ناوبراو، بووەتە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکە و زیان گەیاندن بە بنکە ئاسمانییەکە.
ئۆپەراسیۆنی پێنجەم: هێرشکردنە سەر سەربازگەی «هێزی ئەرکی دەریایی سعوودیە» بووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کوژراو و برینداری لە ڕیزەکانی هێزەکانی سعوودیە لێکەوتووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی شەشەم: تێکشکاندنی وێستگەیەکی ڕاداری سعوودیە بووە لە ناوچەی «بئر عەسکەر».
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان جەختی کردەوە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر قووڵایی خاکی سعوودیە و سەپاندنی هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ و پەرەسەندن بەرامبەر پەرەسەندن، تا ئەو کاتەی هێرش و گەمارۆکانی سەر یەمەن کۆتاییان پێ دێت.