زەیدی داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات پڕۆژەیاسای بودجە پەلەی لێ بکرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە وەزیری دارایی دەکات لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا کارەکانی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی تەواو بکەن، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت. هاوکات چەندین لەمپەر لەبەردەم پڕۆژەیاساکەدان لەوانە ناڕەزایەتیی پارێزگاکان و یەکلانەبوونەوەی پشکی هەرێمی کوردستان.

دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند؛ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە فالح ساری، وەزیری دارایی و ستافی وەزارەتەکەی کردووە، ئەم هەفتەیە بە تەواوی کارەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تەواو بکەن تاوەکوو هەفتەی داهاتوو بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی.

شێروان دووبەردانی روونی کردەوە کە تا ئێستاش پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی لە وەزارەتی داراییە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە، گوتیشی: پەسەندکردنی پێشوەختەی رەشنووسەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزارییەوە تەنیا هەنگاوێکی یاسایی بووە تاوەکوو وادە دەستوورییەکان و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی 2019 پێشێل نەکرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پڕۆژەیاسای بودجە لەگەڵ چەند گرفتێکی دارایی و کارگێڕیدا رووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە:

- ژمارەیەک لە پارێزگاکان و وەزارەتەکان ناڕازی بوون لەو بەشە بودجەیەی بۆیان دانراوە و داوای زیادکردنی پشکەکانیان دەکەن.

- پێویستیی تەرخانکردنی دارایی و دانانی بەشە بودجە بۆ ئەو وەزارەتە نوێیانەی لە کابینەی حکوومەتدا دروست کراون.

- هێشتا کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی بودجەدا یەکلا نەکراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا بڕیارە حکوومەتی عێراق مافی دامەزراندن بۆ سەدان هەزار کەس دەستەبەر بکات؛ بە جۆرێک نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە سەرجەم دامەزراوەکاندا بکرێنە هەمیشەیی، هەروەها دەرگای دامەزراندنی گرێبەست بۆ 100 هەزار کەسی دیکەش لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیدا بکرێتەوە.