واشنتن پۆست: ئێران دەیەوێت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە شکست بە ترەمپ بهێنێت

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران، چەند هەفتەی داهاتووی پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە 3ی تشرینی دووەم بە هەلێکی زێڕین دەزانن تاوەکوو لە رێگەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی گەرووی هورمز و بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، گەورەترین زیانی ئابووری و سیاسی بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنن و کۆمارییەکان بەرەو شکست ببەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست کە پشتی بە لێدوانی دیپلۆماتکارانی رۆژئاوایی، عەرەبی و بەرپرسانی ئێران بەستووە؛ تاران باوەڕی وایە ترەمپ دوای هەڵبژاردنەکان کەمتر گوێ بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز دەدات، بۆیە دەیەوێت پێش هەڵبژاردن زۆرترین گوشاری لێ بکات تاوەکوو پارتەکەی دەنگ لەدەست بدات؛ هاوشێوەی ئەو قەیرانەی بارمتەگرتنی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ساڵی 1980 کە بووە هۆی تێکشکانی کەمپینی دووبارە هەڵبژاردنەوەی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا.

دیپلۆماتکارێکی عەرەب لەم بارەیەوە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: تاران تووشی جۆرێک لە ئاڵوودەبوون بووە بەم پرسە؛ بەرپرسانی ئێران وادەزانن لەم رێگەیەوە دەتوانن سەرۆکایەتیی ترەمپ بڕوخێنن.

لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بە بەشداریی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و هێزی تایبەت دەستپێکردووە بۆ پاراستن و هاوڕێیەتیکردنی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی بە ئاستێکی پێوانەیی زیاد کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO)، تاران لە مانگی ئەیلوولدا هەفتانە بە تێکڕا نزیکەی 30 هێرشی ئەنجام داوە، لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە زیاتر لە 20 کەشتیی کردووەتە ئامانج کە یەکێکیان لە نزیک کەناراوەکانی عومان نوقم بووە.

هاوکات داتاکانی دامەزراوەی کپلەر بۆ شیکاریی وزە دەریدەخەن کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی هێرشەکان، ئەمەریکا سەرکەوتوو بووە لە هەناردەکردنی بڕێکی زۆری نەوت لە کەنداوەوە. بەڵام ئامینە بەکر، سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کپلەر رایگەیاندووە: "مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان نزیکەی 30 دۆلاریان خستووەتە سەر نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا."

جگە لە هەڵبژاردنەکان، دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بەهۆی قەیرانی قووڵی دارایی و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، لە دۆخێکی نالەباردایە و سەرکردەکانی نیگەرانن لەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا تەنانەت توانای پێدانی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیشیان نەمێنێت، بۆیە هەوڵ دەدەن لە رێگەی هێرشەکانی گەرووی هورمزەوە کارتی بەهێز بۆ دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستبخەن.

لە لایەکی دیکەوە، نیگار مورتەزەوی، توێژەری ئێرانی لە ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە واشنتن پێیوایە ئامانجی تاران تەنیا ترەمپ نییە، بەڵکوو دەیەوێت پەیامێکیش بداتە سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمەریکا: تاران دەیەوێت پیشانی بدات کە هێرشکردنە سەر ئێران باجێکی قورسی سیاسی دەبێت کە دەگاتە لەدەستدانی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی هەر سەرۆکێکی داهاتووی ئەمەریکا پێش ئەوەی بیر لە شەڕ دژی تاران بکاتەوە، چارەنووسی ترەمپی بێتەوە یاد.