دوو پەرلەمانتار داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
لە دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کۆتایی بە پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان بهێنرێت.
لە پەیامێکی هاوبەشدا، جێمس حسدۆ هیدۆ و رامی نووری سیاوش، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن رایانگەیاند: لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدەرانی گەلەکەمان لە کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ئیرادەی خۆیان لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و شەفافدا روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە پەکخراوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم دۆخە پاشەکشەیە لە بەدیهێنانی ئیرادەی گەل و بێبایەخکردنی پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی دیموکراسی، هەروەها رەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.
لە پەیامەکەدا هۆشداری دراوە کە “بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیان ناوێت، هاوکات متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لاواز دەکات”.
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، ئەو دوو پەرلەمانتارە دەڵێن: داوایەکی برایانە ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، تاوەکو بە ئەرکی یاسادانان و چاودێریی خۆی هەڵسێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوورییەکان، ئەمەش لە پێناو بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.