ترەمپ: ئەوروپا بەهۆی سیاسەتی کۆچبەرییەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت

سەرۆکی ئەمەریکا، پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی کانزاس، لەبەردەم کۆشکی سپی لێدوانێکی بەرفراوانی لەبارەی گرنگترین پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرد. ترەمپ لە قسەکانیدا بە وردی هەڵوێستی خۆی لەسەر جەنگی ئۆکراینا، دانوستان لەگەڵ رووسیا، دۆخی ئێران، لووتکەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکانی چین و رووسیا، پرسی کۆچبەری لە ئەوروپا و هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمەریکا خستەڕوو.

ترەمپ رایگەیاند، ئۆکراینا مانگانە بە تێکڕا 25 بۆ 35 هەزار سەرباز لەدەست دەدات و لە مانگی رابردوودا 32 هەزار سەربازی کوژراون، گوتیشی ئۆکراینا نەوەی گەنج و پیاوەکانی لەدەست دەدات و سنوورەکانیشی زۆر نەگۆڕاون سەرەڕای کوژرانی نزیکەی یەک ملیۆن کەس.

لە وەڵامی زێلێنسکی کە گوتبووی ترەمپ لە بەرەی هەڵەی مێژوودایە، ترەمپ گوتی: زێلێنسکی نازانێت باسی چی دەکات، ئەگەر لە منیان گوێ لێ بگرتایە دەمێک بوو ئەم شەڕە کۆتایی هاتبوو. زێلێنسکی نایەوێت شەڕەکە بوەستێت و لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کەسێکی دیکە لەبری ئەو دانوستان لەسەر داهاتووی ئۆکراینا بکات."

ترەمپ رەخنەی لە کیێڤ گرت و گوتی: "ئێمە سەدان ملیار دۆلارمان پێداون و مووشەکی جاڤلینم پێدان، لە کاتێکدا ئۆباما تەنیا سەرین و بەتانیی پێدەدان، بەڵام ئۆکراینا هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نەبووە."

 

دانوستان لەگەڵ رووسیا و هەڵوێستی مۆسکۆ و پەکین لەسەر ئێران

ترەمپ بەرگری لە گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا و هەڵپەساردنی سزاکان (رێککەوتنی دیزڵ) کرد و رایگەیاند لە نێوەندی دانوستاندان بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی بەندکراوی ئەمەریکی کە پێش سەردەمی ئەو دەستگیر کراوە، و هەر کاتێکیش بیەوێت مافی ئەوەی هەیە دەستبەجێ دانوستانەکان هەڵپەسێرێت.

ترەمپ ستایشی هەڵوێستی رووسیا و چینی کرد بەرامبەر ئێران و گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە گورزی زۆر توند لە ئێران دەوەشێنین، رووسیا و چین دەستیان لە ئێران وەرنەداوە و هاوکاریی ئەوتۆیان نەکردووە، لە کاتێکدا دەیانتوانی زۆر زیاتر بکەن. ئەم هەڵوێستەیان زۆر ئەرێنییە."

 

لووتکەی سێقۆڵی لەگەڵ پوتین و شی جینپینگ

ترەمپ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە مانگی تشرینی دووەمدا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەۆکی چین، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ بەشدار دەبێت یان نا.

ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆ دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی: "ئەمەریکا زۆرترین چەکی ئەتۆمی هەیە و رووسیا دووەمە و چینیش لە پلەی سێیەمدایە و خەریکە دەگاتەوە، ئەگەر لەسەر چەکداماڵینی ئەتۆمی رێکبکەوین، خزمەتێکی گەورە بە هەموو جیهان دەکەین."

 

قەیرانی کۆچبەری لە ئەوروپا و ئاڵۆزییەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا

ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە سەرۆکی فەرەنسا جەنگی ئێران و واشنتنی بە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی فەرەنسا زانیبێت و بە "هەواڵی ساختە" ناوی برد.

ترەمپ پشێوییەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیای بە تەواوی گەڕاندەوە بۆ پرسی کۆچبەری و گوتی: "ساڵانێک پێش ئێستا بە ماکرۆنم گوت سنوورەکانت دابخە، چونکە ئەو خەڵکەی دێنە ناویەوە رقیان لە مێژوو و کولتوور و خەڵکەکەیەتی؛ زۆر بەمزووانە پاریس دەبێتە شارێکی موسڵمانان. ئەگەر ئەوروپا سنوورەکانی بە تەواوی دانەخات و تاوانباران دەرباز نەکات، داهاتووی لەناوچوون دەبێت."

 

دۆسیەکانی کۆریای باکوور، ڤەنزوێلا و کاروباری ناوخۆ

سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور، رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکووردا هەیە هەرچەندە تا ئێستا داوای دانیشتن نەکراوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ڤەنزوێلا و سیاسەتی ناوخۆ، ترەمپ دیموکراتەکان و سیناتۆر ئەلیسا سلۆتکینی بەوە تۆمەتبار کرد کە یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان دژی کۆمارییەکان کردووەتە چەک بۆ ترساندنی گەنجانی پارێزگار.

ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی گۆڕەپانی گۆڵف لە واشنتن کرد لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بۆ خزمەتکردنی سیمای پایتەخت.