چوارچێوەی هەماهەنگی: تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک یەکلا دەکرێتەوە
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبوونەوەی لە بەغدا، پابەندبوونی خۆی بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی تاوەکوو ناوەڕاستی ساڵی 2027 دووپات کردەوە و دەسەڵاتی تەواوی بە حکوومەت دا بۆ جێبەجێکردنی. هاوکات بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی دا بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرجەم یاسا دەستوورییە پەکخراوەکان.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە،ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەی خۆی لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجام دا، تێیدا تاوتوێی دۆسیە سیاسی، یاسادانان، خزمەتگوزارییەکان و لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکەی کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی خۆی بەو رێککەوتنە دووپات دەکاتەوە کە تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەی تەواوەتیی پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لە وادەی 30ـی حوزەیرانی 2027، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکوەزیران و حکوومەتی عێراقی سەرپشک کرد بۆ گرتنەبەری سەرجەم ئەو هەنگاو و رێکارانەی کە پابەندبوون بەم بڕیارە مسۆگەر دەکەن.
سەبارەت بە پەرلەمان و دۆسیەی یاسادانان، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دابەشکردنی سەرۆکایەتی و ئەندامێتیی لیژنە پەرلەمانتییەکان تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەیان بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی، هاوسەنگی و شەراکەتی نیشتمانی کرایەوە تاوەکوو رۆڵی چاودێری و یاسادانانی پەرلەمان کارا بکرێت و پەسەندکردنی یاسا دواکەوتووەکان خێراتر بکرێت.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی بۆ پۆلێنکردن و لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەو یاسا دەستوورییە پەکخراوانەی کە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتیان لەسەر دەوەستێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی باسیان لە رێگەکانی پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و جێگیرکردنی سەقامگیریی سیاسی و کارگێڕی کرد، بە مەرجێک پابەندبوون بە تەواوی بڕگەکانی کارنامەی حکوومەت و رێککەوتنە سیاسییەکان هەبێت.
کۆبوونەوەکە بە وردی سەرنجی خستە سەر سیاسەتە داراییەکان بە مەبەستی باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە گەشەپێدەرەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەژاری و بێکاری، تاوەکوو هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرجەستە هەست بە چاکسازییە داراییەکان بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پێداچوونەوەی بۆ گرژی و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایشی ناوخۆیی عێراق کردەوە، هاوکات دوورخستنەوەی وڵات لە هەر ئاڵۆزی و پەرەسەندنێکی سەربازی بە پێویست زانی و پشتیوانیی خۆی بۆ رۆڵی ئەرێنیی بەغدا لە هێورکردنەوە و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.