لە تورکیا گەشتیاران لە بەرزبوونەوەی نرخەکان ناڕازین

تورکیا و بەتایبەتی شاری ئیستەنبوڵ، بەهۆی نزیکیی جوگرافی، ئاسانیی گەشتکردن و لێکچوونی کولتووری، هەمیشە یەکێک بووە لە یەکەمین و سەرەکیترین شوێنەکانی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام هەڵئاوسانی ئابووریی توند و گرانیی نرخەکان لەو وڵاتە، گەشتیارانی تووشی شۆک کردووە و زۆربەیان لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی گەشتەکانیان نیگەرانن.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری کوردستان24 لە ئیستەنبوڵ، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕی 500 دۆلار بەشی ئەوەی دەکرد کەسێک بۆ ماوەی هەفتەیەک گەشتێکی شاهانە و خۆش لە تورکیا ئەنجام بدات، بەڵام ئێستا هەمان ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی نرخی تکتی فڕۆکە و مانەوەی دوو شەوی هۆتێلێک دەکات.

ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 52 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیایان کردبوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵئاوسان و گرانبوونی خزمەتگوزارییەکان، ئەمساڵ هەم ژمارەی گەشتیاران و هەم داهاتی کەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشە بکات.

گەشتیارانی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان ڕوویان لە بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکانی ئیستەنبوڵ کردووە، دەڵێن نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.

کۆچەر هاشم (گەشتیار) بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە چاو ساڵانی پێشتردا تورکیا زۆر گران بووە؛ بەتایبەت هۆتێل، خواردن و جلوبەرگ. دەتوانم بڵێم نرخەکان بە ڕێژەی 70% بۆ 80% بەرز بوونەتەوە. پێشتر گەشتکردن زۆر هەرزانتر بوو، بەڵام ئێستا تاموچێژی نەماوە. راستە نزیکە، رۆژانە گەشتی فڕۆکەوانی هەیە و ڤیزا ئاسانە، بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت و گرانتر بێت، خەڵک ناچار دەبێت گەشتەکانی رابگرێت.

کارزان عومەر (گەشتیار) بە کوردستان24ـی گوت: جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان ئێستا و ساڵانی رابردوودا هەیە. بۆ نموونە پێشتر دانیشتنێکی سادەی دوو سێ کەس لە کافتریایەک بۆ قاوە یان نێرگەلە بە 50 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا دەگاتە 100 دۆلار؛ واتە هەموو شتێک دوو بەرامبەر گران بووە. لە هۆتێلەوە تا خواردن و بازاڕکردن هەمووی بەرز بووەتەوە و ئەمەش چێژی لە گەشتەکە بڕیوە.

بەشێک لە خێزانەکان بە مەبەستی بازاڕکردن سەردانی بازاڕە کوردییەکانی ئیستەنبوڵ دەکەن تا وەک دیاری کەلوپەل بۆ کوردستان ببەنەوە، بەڵام گرانیی بازاڕ ئەوانیشی دوودڵ کردووە.

بوونی ملیۆنان کورد لە ئیستەنبوڵ، نزیکی لە هەرێمی کوردستان، لێکچوونی چێشتخانە و کولتوور و بوونی چەندین شوێنی سەرنجڕاکێش، ئەو هۆکارانە بوون کە هەمیشە گەشتیارانی کوردستانیان ڕادەکێشا؛ بەڵام شەپۆلی توندی هەڵئاوسان خەریکە ئەو هەموو تایبەتمەندییە دەخاتە ژێر سێبەری مەترسیی کەمبوونەوەی گەشتیاران.